نیوەی ئاوی سلێمانی بەفیرۆ دەچێت
964+
رێژوان مامە قادر – سلێمانی
نیوەی ئاوی سلێمانی لە حەوزی ماسی، رێستورانت، شوێنە بازرگانییەکان و باخە نایاساییەکان بە فیڕۆ دەچێت.
بەڕێوەبەری پێشوی ئاوی سلێمانی دەڵێ، 35٪ بۆ 50٪ـی ئاوی سلێمانی بەفیڕۆ دەچێت، ئەمەش لە کاتێکدایە بە قسەی ئەو بێت ستانداردی جیهانی بەفیڕۆچوونی ئاو نابێت لە 20٪ زیاتر بێت.
بەفیڕۆچوونی ئاو لەو شارە لە کاتێکدایە تا هاوینی رابردووش بەشێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی کێشەی بێ ئاوییان هەبوو.
بە قسەی سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری پێشووی ئاوی سلێمانی بێت کە قسەی بۆ تۆڕی964ـی کردووە، شوێنە بازرگانیەکانی لە سەر بۆڕی گواستنەوەی ئاون وەک دەواجینەکان، رێستۆرانتەکان، بەنزینخانەکان، حەوزەکانی ماسی، باخە نا یاساییەکانی بەردەم ماڵەکان تاوەکو 50٪ـی ئاوی سلێمانی بەفیڕۆ دەدەن.
وتیشی “جگە لەوانە، ئاودانی بلوارەکان و نەبەستنی پێوەری ئاو و ئەو شکاویانەی لە ژێر زەویدا روودەدات، لەگەڵ ئەوەشدا ششتنی سەیارە و بەردەرگا و چەندین هۆکاری تر وایکردووە ئاوێکی زۆر بە فیڕۆ بچێت”.
سەربەست عوسمان، روونیکردەوە، چارەسەری ئەو کێشانە بە بەدواداچونی بەردەوامی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاو دەکرێت، بۆ دۆزینەوەی ئەو ئاوە نا یاساییانەی کە بەستراون، هەروەها هاندانی خەڵک بۆ بەستنی پێوەری ئاو و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری گشتی بۆ بەفیڕۆنەدانی ئاو.
بەختیار تاهیر، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی بە تۆڕی964ـی وت، شاری سلێمانی رۆژانە 300 هەزار مەترسێجا ئاو بەرهەمدەهێنێت، لە کاتێکدا خۆی پێویستی بە 500 هەزار مەترسێجایە.
وتیشی، تا ئێستا کێشەی بە فیڕۆچوونی ئاوی سلێمانی چارەسەر نەکراوە و پێویستی بەپلانی وردە بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت.