"بە دەست بووە"

تۆمەتبارانى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر دهۆک و کەرکوک ئاشکرا کران

وریا فەتاح

هەردوو وەزارەتى ناوخۆى عێراق و هەرێمی کوردستان، لە بارەى ئاشکراکردنى ئەو کەسانەى لە پشت سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکوکەوە، کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیى هاوبەشیان ئەنجام دا و جەختکرایەوە کە بکەرانى ئەو ئاگرانە، گرووپێکى سەر بە پەکەکەن.

لە کۆنگرەکەدا، میقداد میرى، وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق رایگەیاند، چەند کەسێکیان بە تۆمەتى سووتاندنى بازاڕەکانى هەولێر و دهۆک و کەرکووک، دەستگیرکردووە، کە ئەندامى (پەکەکەن).

تۆمەتبارەکان هێنرانە بەردەم کامێراى کەناڵەکانى راگەیاند کە سێ کەسن، بە وتەى میقداد میرى لە کۆتایى 2023 و سەرەتاى 2024، ئەو تۆڕە لە پشت سوتاندنى بازاڕە میللییەکانى دهۆک و هەولێر و کەرکوکەوە بوون.

بە وتەى وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق، گروپەکە سەرەتا لە کەرکوکەوە دەستیان پێکردووە و دواتر چوونەتە هەولێر و لە کۆتایى 2023 بازاڕى لەنگەیان سووتاندووە، دواتر لە سەرەتاى 2024 لە نزیک قوشتەپە کۆگایەکیان سوتاندووە، لە رۆژى 8.4.2024 بۆ دووەم جار بازاڕى لەنگەیان سووتاندووە و لە 1.4.2024یش بازاڕى چەلێیان لە دهۆک سوتاندووە.

هەروەک ئاشکراى کرد، لە سەرەتاى مانگى ئایاریش بازاڕى قەیسەرى هەولێریان سووتاندووە و پێشتریش لە نزیک بازاڕى نیشتمان ئاگرێکیان کردووەتەوە.

“گروپەکە نیازیان هەبووە چەندین کاری دیکە ئەنجام بدەن و ووڵاتانى دیکە و پڕۆژەى ستراتیژى لە کەرکوک و هەولێر و دهۆک و زاخۆ بگەنە ئامانج”، وتەبێژى وەزارەتى ناوخۆى عێراق واى وت.

تائێستا پارتی کرێکاران بە فەرمی هیچی لەبارەی ئەم راگەیەندراوەوە نەوتووە.