بۆچوونەکانى تەندروستى پێچەوانەن

لە بارەى تۆمارکردنى حاڵەتێکى تاى خوێنبەربوون لە هەولێر روونکردنەوە دەدرێت

964+

وریا فەتاح

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر توشبوونى یەکەم حاڵەتى تاى خوێنبەربوون لە هەولێر رادەگەیەنێت، وتەبێژى وەزارەتى تەندروستیش رەتى دەکاتەوە.

دەنگۆى تۆمارکردنى حاڵەتێکى تاى خوێنبەربوون لە هەولێر بڵاو بووەوە، 964 چەند جارێک پەیوەندى بە وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى کرد و وەڵامى نەدایەوە، دواتر پەیامنێرى 964 قسەى لەگەڵ دکتۆر. بێریڤان عەدنان ئەسعەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی هەولێر کرد، ئەو پشتڕاستى کردەوە کە یەکەم حاڵەتى توشبوون بە تاى خوێنەربوون لە هەولێر تۆمارکراوە.

هەرچەندە دکتۆر. بێریڤان لەسەرەتادا وتى،”حاڵەتەکە ژنێکى تەمەن 60 ساڵە”، بەڵام دواتر خۆى پەیوەندى کردەوە کە توشبووەکە کەسێکى تەمەن 41 ساڵە و بە نەتەوە عەرەبە و پشکنینەکەى دەرچووە.

964 بەردەوام بوو لە سۆراغ، تا ئەو کاتەى دکتۆر. سەرکار سورچى وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى لە رێگەى واتساپەوە وەڵامى 964ـى دایەوە و وتى،”هیچ حاڵەتێکی چەسپێندراو  بە تای خوێنبەربوون لە هەولێر تۆمارنەکراوە”.

964 پرسیارى ئەوەى لێکرد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری پاراستنی تەندروستی هەولێر دەڵێت، یەکەم حاڵەت تۆمارکراوە، سەرکار سورچى لەو تێکستەى ناردوویەتى نوسیویەتى،”ئەوەى هەیە هاوڵاتییەکی عەرەب کە دانیشتووی شاری بەغدایە، دوای ئەوەی بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ناوەندی کردووە لە شاری هەولێر پزیشکان گومانی ئەوەیان لێکردووە کە نیشانەکانی نەخۆشی تای خوێنبەربوونی هەیە، بۆیە راستەوخۆ پشکنینی بۆ ئەنجام دەدەن، بەڵام تا ئێستا ئەنجامی پشکنینەکە دەرنەچووە و نەخۆشەکە لە ژێر چاودێری پزیشکی دایە و دۆخی تەندروستی جێگیرە”.

964 لە نێوان ئەو دوو بۆچوونەى تەندروستى بێلایەنە، بەڵام ئەرکى بڵاوکردنەوە و راگەیاندنى توشبوون بە تاى خوێنبەربوون لاى وەزارەتى تەندروستییە و پێشوتر ئەوان رایانگەیاندووە.

حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە رانیە تۆمارکرا

حاڵەتێکی تای خوێنبەربوون لە رانیە تۆمارکرا