زیاتر لە 348 هەزار بوون
گەشتیاران نزیکەی 90 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە هەرێم
964+
پێشەوا محەمەد
بۆ جەژنی قوربان 348 هەزار و 331 گەشتیار هاتوونەتە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم، بەپێی زانیارییەکانی دەستەی گەشتوگوزار، نزیکەی 90 ملیۆن دۆلاریان هێناوەتە هەرێم.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بۆ 964ـی روونکردەوە، ئەوان بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەر گەشتیارێک 250 بۆ 300 دۆلاریان داناوە لە هەرێمی کوردستان خەرجیان کردبێت.
وتیشی، “گەشتیاری ئەوروپی هەیە لەسەرو هەزار دۆلارەوە خەرجی کردووە، بەڵام زۆرینەی گەشتیاران چونکە هی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن ئەو بڕەیان داناوە کە هەر گەشتیارێک خەرجی کردبێت”.
ئەگەر بۆ هەر گەشتیارێک 250 دۆلار بە نموونە وەربگیرێت، ئەوا گەشتیارانی جەژنی قوربان 87 ملیۆن و 82 هەزار و 750 دۆلاریان لە هەرێمی کوردستان خەرج کردووە.
پێشتر دەستەکە رایگەیاندبوو پێشبینی هاتنی گەشتیاری زۆر دەکەن بۆ هەرێم، چونکە گەرمایەکی بەهێز لە پارێزگا جیاوەزەکانی عێراق بوونی هەیە و لە هەمان کاتدا پشووەکانی خوێندن دەستیان پێکردووە.