سەندیکای شۆفێران؛ لێپێچینەوە دەکەین

بەشێک لە تاکسییەکانی بەردەم تێرمیناڵی سلێمانی پارەی زیاد لە هاوڵاتیان وەردەگرن

964+

دیلان محەمەد – سلێمانی

چەند هاوڵاتییەک لە شاری هەولێرەوە لە رێگای تاکسییەوە سەردانی شاری سلێمانیان کردووە، لەگەڵ گەیشتنی تاکسییەکە بە تێرمیناڵی سەرەکیی سلێمانی لەسەر رێگای تاسڵوجە شۆفێرەکە دایبەزاندون.

دوای دابەزینی هاوڵاتییەکان، لەگەڵ ئەو تاکسییانە سەرکەوتوون کە لە بەردەمی ئەو جێگایە وەستاون، تا ناو شاری سلێمانی بڕی هەشت هەزار دیناریان لێوەرگیراوە.

لەسەر ئەم بابەتە 964 پەیوەندی بە ئازاد ئەحمەد، سەرۆکی سەندیکای شۆفێران کرد و ئەو باسی لەوەکرد، تا کاتی تەواوبونی لێدانی لۆگۆی تاکسی، سەرجەم ئەو تاکسییانەی لە دەرەوەی شاری سلێمانیەوە دێن، دەبێت سەرنشینەکانیان تا بەرامبەر بینای دادگای سلێمانی بهێنن.

وتیشی، “هەر شۆفێری تاکسییەک سەرنشینەکانی لە تێرمیناڵ داببەزێنێت، هاوڵاتی دەتوانێت تەنیا ژمارەی سەر دەرگای تاکسییەکەمان پێبدات و لێپێچینەوەی لەگەڵ دەکەین”.

“داواکارم لە هاوڵاتیانیش لەگەڵ ئەو تاکسییانە سەرنەکەون کە لەبەردەم تێرمیناڵی سەرەکیی سلێمانی وەستاون، لەبەر ئەوەی نرخیان گرانە و بەم نزیکانە لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکەین”، ئەمە قسەی ئازاد ئەحمەدە.

باسی ئەوەشی کرد، ئەوان سەرقاڵی دانانی تاکسین لەناو تێرمیناڵەکە بۆ گەیاندنی هاوڵاتیان بۆ ناو شاری سلێمانی و نرخەکەشی لە سێ هەزار دینارەوە دەست پێدەکات.

پێداچوونەوە: ژووری هەواڵ

بازاڕ بازاڕى تاکسییە

بازاڕ بازاڕى تاکسییە