964 چارەنووسی ئاشکرا دەکات

دوای 14ساڵ هێشتا مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەولێر دەرگای نەکراوەتەوە

+964
شۆڕش هەرکی – هەولێر

دوای تێپەڕبوونی 14 ساڵ بەسەر تەواوبوونی مۆنۆمێنتی  شەهیدان لە شاری هەولێر، بەڵام تا ئێستا دەرگاکەی نەکراوەتەوە.

ماوەی دووساڵ زیاترە، ئەم پرۆژەیە لەلایه‌ن پارێزگای هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت و جارێکیتر نۆژەنکراوه‌ته‌وە.

دوو رۆژە 964 لە هەوڵی سۆراغی کارەکانی ئەم مۆنۆمێنتەدایە و دواهەواڵی لەبارەوە دەستکەوت.

تەلارسازەكە پەشیمانە

رۆژی یەکشەممە 23.6.2024 لە گفتۆگۆیەکی رووبەڕوودا خەسرەو جاف، تەلارساز و بەرهەمهێنەری پرۆژەی مۆنۆمێنتی شه‌هیدان له‌ هه‌ولێر، بە 964ی وت، “لەسەر داواکاری نێچیرڤان بارزانی، كه‌ ئه‌وكات سەرۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو، ئەم پرۆژەیەم وەرگرت و شەش ساڵی خایاند تا کارەکانی تەواوکران، لە نێو پرۆژەکە ئەندازیار و کرێکاری ناوخۆ و بیانی کاریان دەکرد، لە 8.9.2010 بە فەرمی پرۆژەکەم پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کرد و تەواوی کارەکان وەک خۆی جێبەجێکران”.

وتیشی، “مۆنۆمێنتەكه‌ بە شێوەیەکی زۆر هونەری کارەکانی کراوە، دیاریکردنی شوێنەکە زۆر کاتی ویست، چونکە دەمویست شوێنێکی هونەریی زۆر بەرز بێت”.
“یەکەمین مۆنۆمێنتە لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە ئەندازەییە دروستکرابێت، به‌ڵام له‌و كاره‌ په‌شیمانم”، خه‌سره‌و جاف وای وت.

پڕۆژەكە لای كێیە؟
پێشتر پڕۆژەكە سەر بە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بوو، بەڵام ئێستا پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە.
964  پەیوەندی بە بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم، بەرەڤان حەمدی كرد، ئەو بە 964ی وت، پرۆژەکە ئێستا لەلای پارێزگای هەولێرە و هیچ پەیوەندی بە وەزارەتەوە نەماوە.

مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگاری هەولێر بە 964ی وت، “ناتوانین هیچ زانیاری لەسەر مۆنۆمێنتەکە بخەینەڕوو، بەڵام تەواوی کارەکانی نۆژەنکردنەوەی تەواوکراون و لە ئاییندەدا سەرۆکی حکومەت لە رێوڕەسمێكدا دەیکاتەوە”.

کاڕەش هیچ زانیاری لەسەر کاتی کردنەوەی مۆنۆمێنتەكە نەخستەڕوو.

پڕۆژەكە چەندی تێچووە؟
964  زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە، 18 ملیۆن دۆلار تێچووی پڕۆژەکە بووە، لە 7.4.2022 پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە کە جارێکیتر نۆژەن دەکرێتەوە و سێ ملیار و دووسەد و هەشتا ملیۆن و حەوتسەد و دوازدە هەزار دیناری بۆ خەرج کراوە.

هەروەها خەسرەو جاف، کە تەلارساز و بەرهەمهێنەری پرۆژەکەیە، ئاماژەی بەو بڕە پارەیە بۆ 964 نەكرد، بەڵام پێشتر لە تەمموزی 2023 لە لێدوانێكدا بۆ یەكێك لە میدیاكانی كوردستان ئاماژەی بەوە داوە، حكومەتی هەرێم 18 ملیۆن دۆلاری بۆ پڕۆژەی مۆنۆمێنتی شەهیدان لە هەولێر خەرج كردووە.
مۆنۆمێنتی شەهیدان لە پارێزگای هەولێر، دەکەوێتە پشت ناحیەی کەسنەزان لەسەر رێگای هەولێر- کۆیە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

پاركی مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوانی رواندز بێ خزمه‌تگوزاری...

پاركی مۆنۆمێنتی ئەنفالكراوانی رواندز بێ خزمه‌تگوزارییه‌‌