"هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لێکردووە"

کچێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماڵەکەی خۆیدا کوژراوە

964+

پێشەوا محەمەد

کچێکی 18 ساڵ لە ناوچەی کاکاوەندی شاری نوورئاوا لە ماڵی خۆیاندا بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەکوژرێت، رێکخراوی هەنگاو دەڵێت، گوللـە بەر سەری کەوتووە.

رێکخراوەکە کە چاودێریی رەوشی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردووەتەوە، رووداوەکە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو روویداوە و کچەکە ناوی رازیە رەحمانی بووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە رێکخراوەکەی وتووە، “هێزە ئینتزامییەکان بە بیانووی دیتنەوەی مادەی هۆشبەر هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی شوکر رەزا رەحمانی، لە نێوان ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە و هێزە حکومەتییەکاندا گرژی و دەمەقاڵە دروست بووە و لە ئەنجامدا رازیە رەحمانی بە چەکی کۆڵت سەری کراوەتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆی یەکێک لەو هێزانە و دەستبەجێ گیانی لە دەست داوە’.

باس لەوەش کراوە، رێوڕەسمی بە خاکسپاردنی رازیە رەحمانی، دوێنێ شەممە 22.6.2024 لە گۆڕستانی “گوڵزاری شەهیدانی لەکی هەرسین” سەر بە پارێزگای کرماشان بەڕێوە چووە.

ژنێک لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا

ژنێک لە لایەن هاوسەری پێشوویەوە کوژرا