بە ساڵێک تەواو دەبێت

هێڵێکی ئاوی ئیفراز سێ بۆ ناحیەی بەحرکە رادەکێشرێت

964+

شۆڕش هەرکی – هەولێر

ماوەی پێنج ساڵە کەمئاوی بەرۆکی بەشێکی زۆری گەڕەکەکانی ناحیەی بەحرکەی گرتووە و هاواری لە دانیشتووانی هەستاندووە، بەڵام قەرار وایە بحسێنەوە و کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکرێت.

محەمەد حسێن، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاو و ئاوەڕۆی بەحرکە بە 964ـی وت، تەواوی کارەکانی راکێشانی هێڵی ئاوی ئیفراز سێ بۆ ناحیەی بەحرکە تەواوبووە و تەنیا وەرگرتنی تەندەر ماوە، چەند کۆمپانیایەک بۆ وەرگرتنی تەندەر پێشکەشیان کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەکەس نەدراوە.

وتیشی، مەودای راکێشانی ئاو سێ کیلۆمەتر بۆ ناو گەڕەکەکانی بەحرکە و چوار کیلۆمەتر بۆ دەورووبەری دەبێت، راکێشانەکە تەنیا بۆ ئەو گەڕەکانە دەبێت کە کێشەی بنەڕەتی کەمئاوییان هەیە و بیرەکانیان وشکبوون، سەرجەم گەڕەکەکانی بەحرکە ناگرێتەوە.

راکێشانی هێلی ئاوی ئیفراز سێ بۆ ناحیەی بەحرکە مۆڵەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆدەرچووە و ماوەی تەواوبوونی ساڵێکی پێویستە، بەتەواوبونی 39 بیر دادەخرێن لەکۆی 64 بیری ناحیەکە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کێشەی کەمئاوی بەرۆکی بەحرکە بەرنادا

کێشەی کەمئاوی بەرۆکی بەحرکە بەرنادا