حاسڵاتی کوردستان
پەکەکە دەڵێت چەند گەنجێک چوونەتە ناو ریزی گەریلارەوە
964+
ژووری هەواڵ
میدیاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان وێنەی ژمارەیەک کچ و کوڕی گەنجیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن بوونەتە گەریلا و پەیوەندییان بە پەکەکەوە کردووە، گەنجەکان بە جلی سەربازی تایبەت بە خۆشاردنەوەوە بەیاننامەیەک دەخوێننەوە و گەریلابوونی خۆیان رادەگەیەنن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان دەڵێت: هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی باوکی ئەفسانی شاهی کچە یاریزانی کورد لە بۆکان و دەستگیریان کردووە، بە بێ ئەوەی هیچ فەرمانێکی دادوەریان پێبێت.
هێزەکانی سوریای دیموکرات رەتیدەکاتەوە هیچ تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکانیان لە دەوروبەری حەسەکە روویدابێت، لە راگەیەندراوێکی ئەو هێزانەدا هاتووە: ئەو هەواڵانەی هەندێ دەزگای میدیایی سەبارەت بە روودانی تەقینەوەیەک بڵاویان کردووەتەوە، راست نین.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە رایگەیاند: لە رۆژانی 17و 18و 19ی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەکی جیاواز چوار درۆنی سوپای تورکیایان خستووەتە خوارەوە، هەروەها گورزیان لە حەشارگەیەکی سوپا وەشاندووەو چەند کامێرایەکی چاودێرییان تێکشکاندووە.
نەوزاد عەلیمورادی، پەنابەری کوردی خەڵکی سەرپێڵی زەهاو سەر بە پارێزگای کرماشانە و ئەندامی حیزبی دیموکراتە، پاش ئەوەی وڵاتی نەرویژ بە زۆر دیپۆرتی کردەوە، بڕیار بوو لە رێی تورکیاوە بدرێت بە ئێران، بەڵام ئەو کوڕە لە فرۆکەخانە هەوڵی خۆکوشتنیدا، بۆیە پرۆسەی رادەستکردنەوەی راگیراوە.
لە دەوروبەری دەرعا کێشەیەکی خێزانی دروست بووەو سێ ئامۆزا تیایدا کوژراون، میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان دەلێن: مامێک دوو برازاکەی خۆی کوشتووەو برازایەکی دیکەشی گەڕاوەتەوەو کوڕی ئەم مامەی کوشتووە.