“دووەم حاجی قەزای بەردەڕەشە”

964+

زەید کۆچەر-دهۆک

حاجییەکی دیکە کورد و خەڵکی قەزای بەردەڕەش لە شاری مەککە لە کاتی ئەداکردنی فەریزەی حەج گیانی لەدەست دا.

حاجییەکە ناوی “فارس محەمەد ئاغا”یە و دانیشتووی گوندی گەلوکە لە سنووری قەزای بەردەڕەش، بە ڤیزای یەک ساڵی سەردانی وڵاتی سعودیەی کردووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج.

سائیب بۆتانی، ئامۆزای حاجییەکە بە 964ی وت، شەوی رابردوو لەلایەن کەسوکارمانەوە لە مەککە ئاگادار کراوینەتەوە، کەوا ئامۆزاکەمان گیانی لەدەست داوە و پێشتر بێ تاقەتی و نەخۆشی هەبووە و دیارە لە مەککە دۆخی باش نەبووە، تەمەنی 69 ساڵە و خاوەنی 10 منداڵە، 6 کوڕ و 4 کچ.

کاروان ستوونی، وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، ئەمڕۆ  19.6.2024 حاجییەکی دیکەی خەڵکی قەزای بەردەڕەش لە شاری مەککە گیانی لەدەست دا لە کاتی ئەداکردنی فەریزەی حەج و ئەمە دەبێتە دووەم حاجی لە سنووری قەزای بەردەڕەشی سەر بە پارێزگای دهۆک گیان لەدەست بدات و لە رێکەوتی 15.6.2024 ژنێکی ئەم قەزایە لە مەککە گیانی لەدەست دا، هەروەها حاجییەکی تر لە سنووری بەردەڕەش بەناوی “ شاکر شوکری” بێ سەروشوێنە و ئەویش بە ڤیزای ساڵی چووەتە سعودیە.

لەلای خۆیەوە، رێبەر نێروەیی، بەڕێوەبەری حەج و عومرەی دهۆک بە 964ی وت،  هەردوو حاجیی قەزای بەردەڕەش کە گیانیان لەدەست داوە، بە رێگای ڤیزای یەک ساڵی چوونەتە مەککە و لای ئێمە تۆمار نەکراون.

بە گیانلەدەستدانی ئەم حاجییەوە، تا ئێستا 12 حاجیی هەرێمی كوردستان لە وەرزی ئەمساڵی حەج گیانیان لە دەستداوە.

حاجییەکی کورد بە مردوویی دۆزرایەوە

حاجییەکی کورد بە مردوویی دۆزرایەوە