سییەکانی هەرێمی کوردستان مەترسیان لەسەرە

دارستانەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتی سوتان

میدیازان – هەژار ئەنوەر – هەولێر

لە ماوەی ٥٠ ساڵی رابردوو، بە رێژەی سەدا 23 دارستانەکانی هەرێم لەناوچوون، هۆکارە سەرەکییەکان جەنگ، بڕینەوە و بازرگانی پێکردنیانە، پۆلیسی دارستانی کوردستان وا دەڵێت.

بەشی راگەیاندنی پۆلیسی دارستانی هەرێمی کوردستان لە جەنگی ئێران و عێراقەوە باسی لەناوچوونی دارستانەکانی بۆ میدیازان کرد.

“سەدا 23ی دارستانەكانمان بەهۆی شەڕەكانی نێوان عێراق و ئێران، حزبە كوردییەكان و شەڕی ئێستای نێوان توركیا و پەكەكە و ئێران لەناوچوون، ئەمە جگە لەوەی توركیا لە سنوری دهۆك دارەكان دەبڕێتەوە”، فوئاد ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی گشتی دارستانی هەرێمی کوردستان ئەمەی وت.

 میدیازان سۆراخی کرد، جگە لەو هۆکارانە، هەندێک کەس بەتایبەتی لە ناوچە سنوورییەکان بۆ خۆگەرمکردنەوە دارەکان دەبڕنەوە، هەندێکی دیکەش کە بازرگانن، بۆ فرۆشتن دەیانبڕنەوە.

“لە هەموویان مەترسیدارتر بازرگانەکانی دارن”

بەڕێوەبەرایەتی دارستانی هەرێمی کوردستان

 لەوبارەیەوە، فوئاد ئەحمەد نیگەرانی خۆی نیشاندا و وتی، چەندین جار خەڵکیان بەهۆی بڕینەوەی دارەکان دەستگیرکردووە، “بەڵام لە هەموویان مەترسیدارتر ئەو کەسانەن کە بۆ مەبەستی بارزگانی دارەکان دەبڕنەوە”.

میدیازان ئاگادارە، لە ئێستادا هێنانی داری وشک بە مەبەستی بازرگانی پێکردنی لە بازگەکان قەدەغەکراوە.

راگەیاندنی دارستانی هەرێم ئەوەی پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، بازرگانەکانی دار لە هاویندا داری وشک دەبڕنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکان هەڵیدەگرن بۆ فرۆشتنەوەیان لە زستاندا، بەڵام ئێستا لە بازگەکاندا بە ئاسانی دەرناچن.

 بەگوێرەی رێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان، بڕینەوەی دار سزای لەسەرە، بەپێی جۆر و تەمەنی دار، سزای پێبژاردنیش دەگۆڕێت، بە گشتیی لەنێوان 150 هەزار دینار بۆ پێنج ملیۆن دینارە.  ئەوە جگە لەوەی بەپێی یاسا، هەر زەوییەك بكرێتە شوێنی پیشەسازی، ئەوا دەبێت لەبری بڕینەوەی هەر دارێك خاوەن كارگەکە پێنج داری دیکە بچێنێت و تەمەنی دارەكانیش لە سێ‌ ساڵ كەمتر نەبێت.