دوکان و سیروان و سۆران

خنکان و کەوتنە خوارەوە جەژن و سەیرانی چوار خێزانیان کرد بە شیوەن و پرسە

964+
ژووری هەواڵ

دووەم رۆژی جەژن سەیرانگاکان قەرەباڵغ بوون، سەرەڕای ئەوەی چەند رۆژە دەزگا پەیوەندیدارەکان داوا لە خەڵک دەکەن لە چەم و رووبارەکان نزیک نەبنەوە، بەڵام عاقیبەتی چەند کەسێک خێر نەبوو.

تیمی 964 لە هەموو ناوچە جیاوازەکان هەواڵی سەیران و خۆشی خەڵکیان دەگواستەوە، بەڵام لەناو ئەمانەدا چەند رووداوێکی ناخۆش تۆمارکران.

هەڵدێراو گیانی لەدەستدا، هێشتا نازانن کێیە

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی کەسێک لە پرژێ دۆزرایەوە، کە لە شاخ هەڵدێرابوو، تەرمەکەی هێنرایە خوارەوە و تا ئێستاش ناسنامەی ئاشکرا نەبووە.

تەرمەکە روشان بە جەستیەوە دیارە، بەڵام هیچ ناسنامەیەکی پێ نییە و نازاندرێت کێیە، ئەوەی لە جلەکانی دەرکەوتوە شاخەوان بووە، جل و پێڵاوی شاخەوانی پێ بووە لە شوێنێکی سەخت کەوتووە.

کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی سۆران وردەکاری زیاتر بۆ 964 ئاشکرا دەکات و دەڵێت، ئەو کەسە بە تەنیا بووە، کەسی لەگەڵ نەبووە و پێشتریش کەس ئاگاداری نەکردینەوە لە بوونی حاڵەتی ون بوون، لە توێکاری سەرەتایی دەرکەوتووە پێدەچێت لە دوێنێوە کەوتبێت.

لە دووری کیلۆمەترێک دۆزرایەوە

پاشنیوەڕۆ گەشتیارێک لە سەیرانگاى ژاڵەناو لە قەزای دەربەندیخان خنکاو دەمەوئێوارە لە دووری کیلۆمەترێک لە شوێنی خنکانەکەی تەرمەکەی دۆزرایەوە.

ئەو هاوڵاتییە بە نەتەوە عەرەبە و لە خانەقینەوە لەگەڵ چەند هاوڕێیەکیدا بۆ گەشت چوونەتە ئەو سنوورە و لەگەڵ ئەوەی شارەزای ئاوەکە نەبووە، چووە بۆ مەلەکردن و دواتر خنکاوە.

کەیوان ئەحمەد، بەرپرسى بنکەى بەرگرى شارستانى دەربەندیخان بە 964ـى وت،”تەرمى ئەو گەنجە لە نزیک بانیخێڵان واتا بە دوورى کیلۆمەترێک لە خوارى ئەو شوێنەى لێى خنکا بوو دۆزرایەوە”.

رووباری سیروان کردی بە دوو

ئێوارەى ئەمڕۆ، لە گوندى کانى ماسى سەر بە ناحیەى قۆرەتوو پێشمەرگەیەکى لیواى 19 فەوجى سێ بەناوى محەمەد خزر کە دانیشتوى رانیەیە، لە کاتى ئەرکدا بە مەبەستى راوە ماسى لەگەڵ دوو هاوڕێیدا روویان لە رووبارى سیروان کردووە، خنکاوە.

ئەم زانیارییە عەلى جەمال قدورى، وتەبێژى پۆلیسى گەرمیان بڵاویکردەوە.

هەر لەسەر هەمان رووداو رزگار لەتیف، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى فریاکەوتنى شەهید هەژار لە کەلار بە 964ـى وت،”کاتژمێر 7:30 خولەک تەرمى کەسێک هێنراوەتە نەخۆشخانەکەمان و ئێمەش رەوانەى پزیشکى دادى کەلارمان کردووە”.

دوکان بێ خنکان نابێت

هەموو ساڵێک دەریاچەی دوکان چەند قوربانییەکی خنکانی هەیە، ئەمڕۆش دیسان کەسێک لەوێ خنکاوەو تائێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە.

عادل ساڵح، بەڕێوەبەرى پۆلیسى دوکان بە 964ـى وت ”چەند گەنجێکى گەشتیارى بە نەتەوە عەرەب لە دوکان بوون، یەکێک لەوان خنکاوە و تیمەکانى بەرگرى شارستانى و پۆلیس و خەڵکانى خۆبەخش لەوێن و تائێستاش تەرمەکەى نەدۆزراوەتەوە”.