جەژن هۆکارەکەیەتی

فرۆشی عەلوەی سلێمانی بۆ نیوە دابەزیوە

964+

پێشەوا محەمەد

بەهۆی جەژنی قوربانەوە فرۆشی عەلوەی سلێمانی بۆ نیوە دابەزیوە، بەرپرسێکی عەلوەکە دەڵێت، بەر لە جەژن هاوڵاتیان پێویستییەکانیان کڕیوە و کاتی جەژنیش سەرقاڵی پشوو و سەفەر و ئیسراحەت دەبن.

بەپێی ئەو ئامارەی 964 لە عەلوەی سلێمانی وەریگرتووە، رۆژانی ئاسایی عەلوەکە لە نێوان 500 بۆ 600 تۆن سەوزە و میوە بۆ سلێمانی و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بڵاودەکاتەوە.

سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی لە سەندیکای عەلوەی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، لەم سێ رۆژەی جەژندا فرۆشی عەلوەی سلێمانی بۆ نزیکەی نیوەی رۆژانی ئاسایی دادەبەزێت و وەک دەڵێت، هەموو جەژنێکیش هەر وایە.

وتیشی، “یەکەم رۆژی جەژن عەلوە نەبوو، چونکە لە مەرزەکانەوە مامەڵەی بازرگانی وەستابوو، بەڵام لەمڕۆوە عەلوە هەیە و بە رێژەی کەمتر سەوزە و میوە دەهێندرێتە بازاڕەوە”.

رۆژانی بەر لە جەژن فرۆشی عەلوەکە لەنێوان 100 بۆ 150 تۆنی رۆژانە زیادی کردبوو.

“دوای جەژن هێنان و بڵاوکردنەوەی سەوزە و میوە لە عەلوەی سلێمانی ئاسایی دەبێتەوە، چونکە هاوڵاتیان دەکەونەوە سەر ژیانی ئاساییان و پێویستییە رۆژانەکانیان دەکڕنەوە”، ئەوەش قسەی سەروەر عەلییە.

عەلوەی سلێمانی رۆژانە 10 تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە

عەلوەی سلێمانی رۆژانە 10 تۆن خۆڵ و خاشاکی هەیە