ئاژەڵدارن

964 وردەکارى خنکانى خێزانە پێنج کەسییەکە ئاشکرا دەکات

964+

وریا فەتاح

پۆلیسى راپەڕین، زانیارى نوێ لەبارەى خنکانى خێزانە پێنج کەسییەکە ئاشکرا دەکات کە تێیدا باوکێک و دوو کچى و دوو نەوەى، خنکان.

رووداوەکە لە گوندى قەمتەرانى سەر بە ناحیەى چوارقوڕنە روویداوە، بە وتەى رابەر حەسەن، وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین کە بۆ 964 قسەى کردووە، ئەو شوێنەى رووداوەکەى تێدا روویداوە،ئاوى نێوان قەمتەران و کانیمارانە کە ژمارەیەک گۆمى خەسالەى لێیە بە گردى سەرخمە ناسراوە.

وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین بەم شێوەیە چیرۆکى خنکانەکەى بۆ 964 باسکرد، “منداڵێک کەوتووەتە ناو گۆمەکە، باوکەکە خۆى خستووەتە گۆمەکەوە بۆ دەرهێنانەوەى، بەڵام لەو کاتەدا سێ کەسى دیکە خۆیان خستووەتە ناو ئاوەکە و دواتر هەموویان بەیەکەوە خنکاون”.

964 دەزانێت، ئەو کەسانەى خنکاون مەڕدارن و خەڵکى گوندى مێرگە موشەکن لە ناحیەى بجیلى سەر بە قەزاى ئاکرێ، وەک ئەوەى رابەر حەسەن باسى دەکات، نزیکەى دوو هەفتەیە بۆ لەوەڕاندنى مەڕووماڵات لە قەمتەران گیرساونەتەوە.

وتەبێژى پۆلیسى راپەڕین وتیشى، ئەوانەى خنکاون ئەندامى یەک خێزانن و پێکهاتوون لە باوکێک و دوو کچى، لەگەڵ دوو نەوەى واتا منداڵى کوڕەکەى.

لە ئێستادا تەرمى هەر پێنج کەسەکە لە پزیشکى دادى رانیەن و بڕیارە دواى توێکارى پزیشکى رادەستى کەسوکاریان بکرێنەوە و پۆلیسى رانیەش لێکۆڵینەوەى دەستپێکردووە.

پێنچ کەسە خنکاوەکەی سنووری راپەڕین خەڵکی ئاکرێن

پێنچ کەسە خنکاوەکەی سنووری راپەڕین خەڵکی ئاکرێن