کێ بەرپرسە؟
ئاسنفرۆشانی کفری بێ ئیشوکار ماونەتەوە و داوای چارەسەر دەکەن
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
ئاسنفرۆشان لە سنووری قەزای کفری نیگەرانن لەوەی کە بازاڕیان سست بووە، چونکە پێشتر بازرگانان لە قەزای کفریەوە بارەکانیان دەگواستەوە، بەڵام ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە رێکارەکان گۆڕاون و بارهەڵگرەکان بە رێگەی کەرکوکدا بارەکانیان دەگوازنەوە.
رێگاکە زیاتر لە 50 گۆڕەپانی فرۆشتنی ئاسنی تێدایە.
سادق رۆستەم، خاوەنی یەکێک لە گۆڕەپانەکانی ئاسنفرۆشی لە سنووری کفری بۆ مایکی 964 دوا و دەڵێت، پێشتر لە هەر کارگەیەک زیاتر لە 10 کرێکار کاری دەکرد و بژێوی ژیانی نزیکەی 10 خێزان زیاتر لەسەر هەریەک لە کارگەکان بوو، بەڵام دوای رێکارەکەی حکومەت کرێکارەکان بێ ئیشوکارن و رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، تەنیا خاوەن گۆڕەپانەکان ماونەتەوە.
ئەوەشی وت، هەریەک لە گۆڕەپانەکان لە نێوان 50 هەزار دۆلار بۆ 100 هەزار دۆلار زیانیان بەرکەوتووە و ئاسنەکانیان لە شوێنی خۆیدا ماونەتەوە.
پێداچوونەوە: سۆما حەکیم زادە