ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو
“بەبێ وەرگرتنى سود قیستى درێژخایەن بە دوکاندارانى زیانلێکەوتووى قەیسەرى هەولێر دەدرێت”
وریا فەتاح
پارێزگاى هەولێر لەگەڵ بانکى جیهان رێککەوتووە بۆ پێدانى قیستى درێژخایەن بە زیانلێکەوتووانى بازاڕى قەیسەرى.
ئێوارهی 5.5.2024 ئاگرێكی گهوره له بازاڕی قهیسهریی ههولێر كهوتهوه و له ئهنجامدا 227 دوكان و 7 كۆگا سووتان، 132 كهسیش بریندار بوون، كه برینی ههموویان سووك بوو، هاوكات زهرهر و زیانهكان به ملیۆنان دۆلار دهخهملێندرێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تائیستا نەگەیشتوون بە ئەنجامى کۆتایى لە هۆکارى ئاگرەکەى بازاڕى قەیسەرى، لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ژمارەیەک کەسیش دەستگیرکراون.
لەبارەى دەستگیرۆیى دوکاندارانى زیانلێکەوتووى قەیسەرییەکە، پارێزگارى هەولێر وتى،”لەگەڵ بانکى جیهان رێککەوتنمان کردووە کە قیستى درێژخایەن بە دوکانداران بازاڕەکە بدات، بەشێوەیەک دوکاندار لە ماوەى چوار ساڵدا قیستەکانى بداتەوە بەبێ ئەوەى هیچ سودێکى بچێتەسەر”.
بە وتەى ئومێدا خۆشناو، لە دواى جەژنەوە رێکارەکان دەستپێدەکات و دوکاندارەکان لە پارێزگاوە پشتگیریان بۆ دەکرێت و بەپێى قەبارەى زیانەکانى قیستى درێژخایان لە بانکەکە وەردەگرن.
پێشتر پارێزگاى هەولێر ئەم بڕیارانەى لەبارەى بازاڕەکە و دوکانداران دەرکردبوو:
یەکەم – دەستکردن بە لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هۆکارى کارنەکردنى سیستمى جێگیرى ئاگرکوژێنەوەى بازاڕى قەیسەرى.
دووەم – پاککردنەوە و رێکخستنەوەى سەرتاسەرى بازاڕەکە و کردنەوەى بە ڕووى هاوڵاتیاندا.
سێیەم – لەو شوێنەى بازاڕى قەیسەرى کە بە هۆى ئاگرەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە زووترین کاتدا دەست دەکرێت بە نۆژەنکردنەوەى ناوەوەى دوکانەکان و دەرەوە و کۆڵانەکان و سەقفى گشتیى بازاڕەکە.
چوارەم – چارەسەرکردنى سەرجەم کەموکوڕییەکانى ئاو و کارەباى بازاڕەکە.
پێنجەم – هەڵگرتنى سەرجەم سەرپێچى و زێدەڕۆییەکان و هەموو ئەو مەترسییانەی، کە دەبنە هۆکارى دروستبوونى رووداوى لەم شێوەیە، بە تایبەتى نەهێڵانى هەڵواسینی پەردە لە دوکانەکان، کە هۆکاری سەرەکی تەشەنەسەندنى ئاگرەکە بووە.
شەشەم – ئەو پاسەوانانەی بۆ پاراستنی بازاڕی قەیسەری هەولێر دانرابوون لەلایەن کۆمپانیایەکى تایبەتى سیکیوریتی، نامێنن و لە شوێنى ئەوان پاراستن و ئەمنیەتی بازاڕەکە بە پۆلیس سپێردرا.
حەوتەم – هەر دوکاندارێک کە کرێچى حکومەت بێت و لەو ئاگرکەوتنەوەكە زەرهر و زیانى پێگەیشتبێت، لە کرێى یەک ساڵى دوکانەکەى دەبەخشرێت.
هەشتەم – سەرجەم ئەو دوکاندارانەى کە لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زەرەمەندبوون لە کرێى (6 مانگى) زبڵ و خاشاک و تابلۆى دوکانەکانیان دەبەخشرێن.
نۆیەم – سەرجەم ئەو دوکاندارانەى لە ئاگرکەوتنەوەکەدا زیانیان پێگەیشت، بۆ ساڵى 2023 لە (50%) ى باج و بۆساڵى 2024 لە (100%) ى باج دەبەخشرێن.
دەیەم – هەر دوکاندارێک بەهۆى کەوتنەوەى ئاگر لە بازاڕى قەیسەرى زەرەرمەند بووبێت، دواى وەرگرتنى نووسراوى پشتگیرى لە بەڕێوەبەرایەتیى قەیرانەکانى پارێزگاى هەولێر، دەتوانێت لە وەرگرتنى قەرزى بێ قازانج لە “بانکى جیهان” بەپێى ڕێنماییەکانى بانکى ناوەندى بۆ ماوەى (24) تا (36) مانگ سوود مەندبێت.
یازدەیەم – هەر دوکاندارێک بە هۆى ئاگرکەوتنەوەکە، پارەى لە نێو دوکانەکەى (تەنیا دینارى عێراقى) سووتابێت و بەڵگەى پێویستى لە بەر دەست بێت، لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەت هاوکارى دەبن بۆ قەرەبووکردنەوەى لە بانکى ناوەندى لقى هەولێر.