"بە ناچاری هەوار دەکەم"

قایمقامی چەمچەماڵ: تکایە بە هاوارمانەوە بێن چەمچەماڵ خەریکە دەخنکێت

964+

توانا نەقی

قایمقامی چەمچەماڵ هاواری لەدەست بێ ئاوی قەزاکەیان لێ هەستاوە و داوا دەکات لە پاش چەندین ساڵ ئەو کێشەی قەزاکە چارەسەر بکرێت و دەڵێت، “بەناچاری هاوار دەکەم”.

ئەمشەوی سێشەممە، رەمەک رەمەزان قایمقامی قەزای چەمچەماڵ لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک داوایەک بۆ چارەسەرکردنی بێ ئاوی شارەکەی لە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاویەکان و پارێزگاری سلێمانی دەکات و دەڵێت، تکایە بەهاوارمانەوە بێن چەمچەماڵ خەریکە دەخنکێت.

دەشڵێت، لەچەمچەماڵ لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەر پلەیەکی گەرما رۆژێک پێدانی ئاوی خواردنەوە بە هاوڵاتیان دوا دەکەوێت، ئەم چیرۆکەی ئاوی چەمچەماڵ
تەمەنی درێژە و ژمارەی ئەو بەڵێنانەی پێماندراوە لەژمارەی نوسراوەکانمان زیاترە”.

دەقی نوسراوەکەی قایمقامی چەمچەماڵ وەکو خۆی:

بەڕێزان
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم
وەزارەتی شارەوانی و پلاندانان و دارایی و
پارێزگای سلێمانی و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان.
لێرە؛ لە چەمچەماڵی پایتەختی شەهیدان و ئەنفال کە زیاترلە 7 هەزار خێزانی شەهیدان و ئەنفالکراوانی تێدایە، کە دانیشتوانی مەرکەزی قەزا و ناحیەی شۆڕش و تەکیە زیاتر لە 200 هەزار هاوڵاتیە وا 12 ڕۆژە ئاوی خواردنەوە بەبەشێکی زۆر لە گەڕەکەکان نەدراوە، تا کەشوهەوا گەرمتربێت کێشەکە گەورەتردەبێت.

لە ساڵی 2017 وە تا 10.6.2024 نزیکەی 100 نوسراو و بروسکەمان ئاراستەی بەڕێزان ( سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی حکومەت، هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، پارێزگای سلێمانی، هەموو لایەنە سیاسیەکان) لەسەر ئاستی عێراقیش( بۆ بەڕێزان سەرۆکی کۆمار ، ئەنجومەنی وەزیران ، پەرلەمانی عێراق ، وەزارەتی پلاندانان …..هتد) کردووە، ئەمە جگە لە ئاگادارکردنەوەی هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانی بواری مافی مرۆڤ، بەڵام تا ئێستا کێشەی ئاوی قەزای چەمچەماڵ بەردەوامە.
بەڕێزان؛ لایەنە پەیوەندیدارەکان
بەئەرکی ئەخڵاقی و مرۆڤ دۆستی و وەزیفی خۆمی دەزانم .ئاگادارتان بکەمەوە لە سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی بەهۆی بێ ئاوییەوە لە(چەمچەماڵ٫شۆڕش و تەکیە )چونکە پێدانی ئاو بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ڕۆژ مانەوەی ئەو ئاوە لە 45 پلەی گەرمی ناو تانکیەکاندا بۆخۆی دەبێتە هۆی دروستبوونی دەیان نەخۆشی بۆیە تکایە هیمەتێک بکەن و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە چەمچەماڵ جێ بەجێ بکەن کە لە 12.4.2022 لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم فەرمانی جێبەجێکردنی هەیە.

لە ئێستادا کێشەکە چیە و چارەسەری چۆن دەکرێت؟
+ کێشەکە بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویستەوەیە بۆ قەزای چەمچەماڵ چونکە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان سلێمانی ئەگەر کەمتر لە ٤٠ هەزار مەتر سێجا ڕۆژانە ئاو بۆ چەمچەماڵ بنێردرێت ئەم کێشەیە بەردەوام دەبێت.
+ پرۆژەی ئاوی ماس کە ڕۆژانە ١٠ هەزار مەتر سێجا بە قەزای چەمچەماڵ دەدرا لە ئێستادا بەهۆی پێداویستی کۆمپانیاکانی خۆیانەوە زۆر کەمکراوەتەوە و ئاو بۆ چەمچەماڵ نایەت.
چارەسەر:
+ چارەسەری بنەڕەتی ئەم کێشەیە تەنها بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ئاوی گۆپتەپە – چەمچەماڵ دەبێت.
+ چارەسەری کاتیش زیادکردنی ئاوی چەمچەماڵە لە هێڵی دووەمی ئاوی دووکان- سلێمانی بەشێوەیەک کەمتر نەبێت لە ٤٠هەزار مەتر سێ جا ئاو لە ڕۆژێکدا.

بەڕێزان سەرکردەکانی کوردستان
ئەمە هاواری دایکی شهیدان و نەوەی ئەنفال و پێشمەرگەی دێرین و دانیشتویانی سەرزەمینی ئەنفالە لە دەمی ڕەمک دەیبیستن، ئەوەی لەتوانای ئیدارەی چەمچەماڵدا بووە لە نوسراو و کردار ئێمە کردوومانە ، بەڵام کاتێک بڕی ئاوی پێویست بە قەزاکە نەگات ناچارین هاواربکەین تا بە دەنگی هاوارمانەوە بێن، چونکە ئاوی خواردنەوە لە پێداویستیە بنەڕەتیەکانی ژیانە و پرۆژەی ئاوی گۆپتەپەش لە بەشێکی زۆری ئەو پرۆژانە گرنگترە کە ئێستا لەسەر ئاستی کوردستان بە بودجەی گەورەتر جێبەجێ دەکرێن .

ڕەمک ڕەمەزان قادر
قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ

چارەسەر بۆ کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ پێشنیار دەکرێت

چارەسەر بۆ کێشەی کەمئاوی چەمچەماڵ پێشنیار دەکرێت