بە سنەوبەر و زەیتوون و بەڕوو گۆیژە سەوز دەکرێت

شاخی گۆیژە – Social Media

میدیازان – هاوبەش ئەبوبەکر – دیسکی سلێمانی

بە چاندنی نزیکەی چوار هەزار دار لە جۆری سنەوبەری مەشهەد و دار زەیتوون و بەڕوو، رووبەری 40 دۆنم زەوی لە شاخی گۆیژە سەوز دەکرێت.

قایمقامی سلێمانی دەڵێت، ئەم سەوزکردنە لەڕووی ژینگەوە خزمەتێکی گەورە بە شاری سلێمانی دەکات.

سێ رێکخراو پێکەوە ئەم ئەرکەیان گرتووەتە ئەستۆ، لەدوای کۆبوونەوە لەگەڵ ئەو رێکخراوانەدا رۆژی یەک شەممە، ئاوات محەممەد قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، هێشتا رووبەرێکی زۆر لە شاخی گۆیژە ماوە کە پێویستی بە سەوزکردن هەیە.

بەشی راگەیاندنی قایمقامیەتی سلێمانی بە میدیازانی وت، “ئەو کۆمپانیایانەی کە پرۆژەکە جێبەجێدەکەن دەبێت تا سێ ساڵ تێچووی بەخێوکردنی دارەکان لەئەستۆ بگرێت، دواتر ئەو ئەرکە دەسپێرێتەوە بە حکومەت.”

پرۆژەکە هەردوو رێکخراوی CECVI و CDO کاریان لەسەر کردووە و رێکخراوی خۆبەخشی ئیتاڵی AICS ئەرکی تێچوونی لە ئەستۆ دەگرێت.

بەدەر لەم 40 دۆنمە، لەئێستادا رێکخراوی CDO و کۆمپانیای ئاسیا سێل خەریکی چاندنی 22 هەزار نەمامن لەسەر رووبەری 200 دۆنم لەسەر شاخی گۆیژە. لە مانگی تەمموزی ئەمساڵەوە هەڵمەتێکی چاندنی 1 ملیۆن نەمام لە سنووری پارێزگای سلێمانی راگەیەندرا و تائێستا رووکاری شاخی گۆیژە بەڕووی سلێمانی نزیکەی دوو هەزار دۆنم سەوزکراوە.