وادەی تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆکان تا ساڵێک درێژ دەکرێتەوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

پێشنیازە یاسایەک لە پەرلەمانی کوردستانە بۆ درێژکردنەوەی تاپۆکردنی زەوییە زیادەڕۆکان، لیژنەی شارەوانی دەڵێت: وادەکە شەش مانگ بۆ ساڵێک درێژ دەکرێتەوە.

یاسای تاپۆکردنی زەوی و خانووی زیادەڕۆ، جاری یەکەم بە یاسای ژمارە (3) لە ساڵی 2019 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوو، دوای نارەزایەتی لەسەر نرخی زەوییەکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە کە لە یاسایەکەدا هاتووە، ساڵی 2021 بە یاسای ژمارە (7)، هەموار کرایەوە.

ئێستا دووبارە داواکاری بۆ درێژکردنەوەی تاپۆکردنەکە هەیە و پەرلەمانیش بەنیازە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکان جارێکی تر یاساکە هەموار بکاتەوە.

لوقمان وەردی، سەرۆکی لیژنەی شارەوانی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی964ـی راگەیاند: ئێمە پێشنیازە یاسایەکمان بە واژۆی هەر یانزە ئەندامی لیژنەکە داوە بە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانین بۆ هەموارەکە.

بە پێی زانیارییەکانی لیژنەکە، زیاتر لە 300 هەزار هاوڵاتیی هەرێم لەو تاپۆکردنە سوودمەند دەبن.

“درێژکردنەوەکە شەش مانگ بۆ ساڵێک دەبێت، بەڵام بەداخەوە هاوڵاتییان لە مانگەکانی کۆتاییدا بیریان دەکەوێتەوە دێن بەدوای کارەکانیاندا”، لوقمان وەردی وایت.