لە رۆژێکدا 177 تۆن بەرهەمهاتووە
تەق تەق؛ خۆی وەک نیشتمانیی لۆبیا دەردەخات
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ لە تەق تەق، 177 تۆن لۆبیا بردراوەتەوە عەلوە و نوسینگە کشتوکاڵییەکانی شارەکە، جوگرافیای ناحیەکە وایە بەشێکی سەر بە کەرکوک بەشێکی دیکەی سەر بە قەزای کۆیەیە، بەڵام کڕیارەکانیان لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق هاتوون.
لە عەلوە و نوسینگەکان، لۆبیا لەنێوان 600 دینار بۆ هەزار و 100 دینار دەکات، ئەوەش لەسەر جوانی و ناشرینی بەرهەمەکە کەوتووە.
لۆبیا خواستی سەرەکی شارەکانی عێراقە
ئەمڕۆ چوارشەممە 5.6.2024، کۆسرەت سەرحەد، خاوەن نوسینگەی کشتوکاڵ لە تەق تەق ئەوەی بە 964ی وت، “تەنیا ئەمڕۆ لەدیووی کەرکوک 55 تۆن لۆبیا لەلایەن جوتیارەکانەوە هێنراوەتە نوسینگە کشتوکاڵییەکان، لەناو ناحیە تەق تەق 122 تۆن هەبووە، بەڵام زۆرینەی بۆ ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق کڕدراون”.
لە تەق تەقەوە، بۆ سلێمانی، کەرکوک، کۆیە و چەمچەماڵیش لۆبیا کڕدراون، جوتیارەکانی تەق تەق، ئەمساڵ بە ڕێژەیەکی بەرچاوو لۆبیا یان کردووە، بەجۆرێک جوتیار هەیە 20 تۆن بەرهەمی رۆژانەی هەیە، کۆسرەت سەرحەد وتی، “هیچ ساڵێک، هێندەی ئەمساڵ لۆبیا نەچێندراوە، بۆ هێندە بەرهەمەکەشی زۆرە لە بازاڕدا”.
مانگی تشرینی دووەم بڕشت و کڕیاری هەیە
لۆبیا، یەكێكە لە خۆراكە رووەكییەكان، بە یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی ئۆمێگا 3 هەژمار دەكرێت و رێژەیەكی زۆری ئەو پێكهاتەیە لەخۆ دەگرێت، کە کاریگەر بۆ بەرگری لەش، لە هەرێمی کوردستان، لۆبیا لە ماوەی 50 بۆ 60 رۆژی پێویستە تا پێ بگات، بە گشتی مانگی نیسانی تا مانگی تشیرنی دووەم بڕشتی هەیە و کڕیاریش.
ئەو گوندانەی زۆرترین لۆبیا بەرهەمدێنن لە سنوورەکە، کانی لەلە، ئۆمەر گومبەت، ساتوو قەڵا، مەلازیاد و گەرمکن، رووبەری زەوی بەکارهێنراو بە لۆبیا بۆ هەر گوندێک نزیکەی 100 بۆ 150 دۆنم بەرهەمی ساڵانەیە.
دیمەنەکان، بەرهەمی پێگەیشتووی لۆبیا لە تەق تەق نیشان دەدات؛