دیمەنێک لە فرۆشتنی مریشک لەسەر شەقامێکی گشتی _ وێنە: 964
لە کێڵگە بە سێ هەزارە
نرخی مریشک بەرز بووەوە و رەوانەی دەرەوەی هەرێم دەکرێت
دیلان محمد _ سلێمانی
نرخی مریشک جاریکی دیکە بەرز بووەوە و نرخی هەر کیلۆیەکى لە بازاڕەکاندا گەیشتووەتە سێ هەزار و 400 دینار و لە کێڵگەکانیشدا بە سێ هەزار دینار دەفرۆشرێت.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ 964 قسەى کردووە و دەڵێت، نرخی کیلۆیەک مریشک ئەمڕۆ لە کێڵگەکاندا بە سێ هەزار دینارە.
دەشڵێت، هەر لەسەرەتای مانگی پێنجەوە مریشک بە هەزار و 900 دینار بوو، بەڵام مریشک خواستی زۆری لەسەرەوە و رەوانەی شارەکانی خوارووی عێراقیش دەکرێت، هەر بەم هۆیەشەوە نرخەکەی بەرزبووەتەوە و تێچووی کیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن کێڵگەکان دوو هەزار و 700 دینارە.
رەوف عەبدوڵا، مریشکفرۆش بە 964 وت، ئێمە ئەمڕۆ لە بازاڕدا نرخی یەک کیلۆ مریشک بە سێ هەزار و 400 بۆ سێ هەزار 500 دینار دەفرۆشین و بۆ سەربڕین و پاککردنی مریشکیش، ئێمە لە دوکانەکەماندا یەک هەزار دینار لە هاوڵاتییان وەردەگرین.
لە پارێزگای سلێمانیدا 950 کێڵگەى پەلەوەرى هەیە، کە تایبەتە بە بەخێوکردنی مریشک و ساڵانە لە توانایاندایە 250 هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەم بهێنن، بەڵام پێویستی پارێزگاکە نزیکەی 70 هەزار تۆنە و ئەوەى زیاد دەبێت دەنێردرێتە شارەکانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق.
پێداچوونەوە: سۆما حەکیم زادە