"سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق پێی خۆشە"
رۆژنامەنووسانی عێراق مۆبایل دەبەنە ناو دادگا و هەرێمی کوردستان تاوتوێی دەکات
964+
ئەحمەد مستەفا
رێکخەری بەشی عێراق، لە لیژنەی پاڵپشتی رۆژنامەنووسان دەڵێت، سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق بڕیارێکی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری پێگەیشتووە، “بۆ ئاسانکاری و بردنەژوورەوەی مۆبایل لەلایەن رۆژنامەنووسان بۆ ناو دادگاکان”.
بڕیارەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوەم بەڵکو بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، “تایبەت ئەو ناوچانەی لقی دادگا مەدەنیی و سزاییەکانیان تێدایە”، جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە 964ی وت، “لەناو ئەنجومەنی سەندیکا بڕیار یا رێنماییەکی هاوشێوە تاوتوێ دەکەن”.
ئەمڕۆ دووشەممە 3.6.2024، سەڵاح زوبەیدی، رێکخەری بەشی عێراقی (JSC) بە 964ی وت، “سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق بڕیارەکەی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، فایەق زەیدانی بەرزنرخاندووە و کە رێگەی بە چوونە ژوورەوەی مۆبایلەکانی رۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق دەدات، لە میانی کاری فەڕمی و رۆژنامەوانیدا کە سەردانی دادگاکانی عێراق دەکەن”.
ئەو بڕیارە، لە چوارچێوەی زنجیرەیەک بڕیار و هەڵوێست ئەنجومەنی باڵای دادوەردی دێت، لە بەرژەوەندی کاری رۆژنامەوانی و میدیاکان لەوانە ئاگادارکردنەوە و رەتکردنەوەی ئەو داوایانەی کە دژی رۆژنامەنووسان تۆمار دەکرێن و کاریگەرییان لەسەر ئازادی رادەربڕین و مافەکانی پیشەیی رۆژنامەنووسەکە هەیە.
سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق لە راگەیەندراوێک وتوویەتی، “یڕیارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بۆ ئاسانکاریکردنی کاری رۆژنامەنووسان و راپەڕاندنی ئەرکی پیشەیی و نیشتمانپەروەرانەیان دێت، وەک پشتڕاستکردنەوەی رۆڵی نیشتمانی و بەشداریی کاریگەریان لە خزمەتکردنی پرسە نیشتمانییەکان، کە رۆڵی دەسەڵاتی دادوەری بەرز بکاتەوە”.
هاوکات، بژار حەکیم، جێگری نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە 964ی وت، “کارەکانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی عێراق سنوری دیاریکراوی خۆی هەیە و هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بەڵام بڕیار و رێنماییەکی هاوشێوە شایەنی گفتوگۆ و کار لەسەرکردنە، بۆیە دەیخەینە بەرباس و گفتوگۆی ئەنجومەنی سەندیکاوە، تا کار ئاسانی بکرێ لە کاتی ئەرکی رۆژنامەوانیدا”.