ئاڵاى عێراق و ئاڵاى یۆنامى
2025 کۆتایی بە ئەرکی یونامی دێت
ئەنجوومەنی ئاسایش مانەوەی یونامی لە عێراق درێژکردەوە
964+
ژووری هەواڵ
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ماوەی مانەوەی نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق یۆنامی درێژکردەوە، ئەمەش لەدوای ئەوەی کە حکومەتی عێراق داوایکرد تاوەکو کۆتایی 2025، کۆتایی بە ئەرکى یونامى بهێندرێت.
بەگوێرەی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەیەکیدا دەریکرد، رۆژی 31ی کانوونی یەکەمی 2025 ئەرکی یۆنامی لە عێراق کۆتایی پێدێت و دەبێت رێکارەکانی داخستنى بگرێتەبەر.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، سەرۆکوەزیرانی عێراق نامەیەکی فەرمی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان نارد و وتی: داوا دەکەین رۆژی 31ـى کانوونی یەکەمی 2025 کارەکانی یونامی بەیەکجاری لە عێراق کۆتاییان بێت.
نامەکەی سودانی لەسەر نوسراوی فەرمی حکومەتی عێراقییەو ئاڕاستەی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێزی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی کردووە، دوای سەلام و سڵاوکردن دێتە سەر باسی ئەو تیمە ستراتیژییەی ئەنجومەنی ئاسایش پێکیهێناوە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی یونامی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لۆمەی ئەو تیمە دەکات کە دەبوو تەنیا لەگەڵ حکومەتی عێراقی راوێژ بکەن.
ساڵی رابردوو ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی داوای لەنەتەوە یەکگرتووەکان کردبوو کە هەڵسەنگاندنێک بکەن بۆ کاری تیمی یونامی لە عێراق، بەتایبەتی پاش ئەوەی چەند جارێک لە ناوخۆی عێراقەوە ناڕەزایی دژی ئەو تیمەی نەتەوە یەکگرتووەکان خرابووە روو، لەسەر ئەو بڕیارە سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر پێرتسی راسپاردبوو سەرکردایەتی تیمێکی سەربەخۆ بکات بۆ پێداچوونەوە بە کارەکانی یونامی، هەموو ئەوەی تیمەکە لە ئۆکتۆبەری رابردووەوە پێی گەیشتبوو، لە راپۆرتێکدا کۆکرابوەوە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە نامەیەکی 30 لاپەڕەیی وردەکارییەکەی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناردبوو کە بەشێکی پەیوەست بوو بە کوردەوە، هەر ئەو کات 964 پوختەی نامەکەی بڵاوکردەوە.