خاوەن پێداویستی تایبەتە

“ده‌ستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته‌سه‌ر و دواتر خۆی سووتاندووه‌”


كامیار كه‌مال – پێنجوێن

لە پێنجوێن کچێکی تەمەن 13 ساڵان دوای ئەوەی دەستدرێژیی سێكسی كراوه‌ته‌سه‌ر، كه‌ ده‌گوترێت 80% ئیفلیجی مێشكی هه‌بووه‌، به‌ قسه‌ی باوكی كچه‌كه‌ دوای رووداوه‌كه‌ خۆی سووتاندووه‌ و مردووه‌، تاوانباریش دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ و ئه‌مڕۆش دادگایی كه‌یسه‌كه‌ به‌بێ بڕیاری كۆتایی به‌ڕێوه‌چوو.

حەسەن عەبدولحەمید، باوکی ئەو کچەی کە خۆی سوتاندووە، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29.5.2024  بە 964ی راگەیاند، دانیشتنی دادگایی ئەمڕۆ بەبێ حوکمدان تەواو بووە و وابڕیارە لە دانیشتنی داهاتوودا حوکمی لەسەر بدرێت.
وتیشی، كچه‌كه‌ی دوای ئه‌وه‌ی ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ر، له‌ حه‌وشه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا خۆی سووتاندووه‌ و گیانی له‌ده‌ستداوه‌.
رووداوه‌كه‌ شه‌ش مانگ له‌مه‌وبه‌ر روویداوه‌، به‌ڵام تازه‌ باس ده‌كرێت.

باوكی كچه‌كه‌ ده‌ڵێت، “ئەو کەسەی دەستدرێژیی کردووەتەسەر كچه‌كه‌م، گوایه‌ باس دەکرێت خزمی منه‌، بەڵام خزمی من نییە و لە ژیانمدا نەمیبینیوە و نەمناسیوە”.
وتیشی، “کاتێک ئه‌و كاره‌ روویداوە کەس لە ماڵ نەبووە”.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە بە 964ی راگەیاند، ئەو رووداوە لە مانگی 12ی ساڵی رابردوو روویداوە و دواتر ئەو کەسەی کە دەستدرێژیی کردووەته‌ سه‌ر كچه‌كه‌، دەستگیرکراوە و دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

وتیشی، “ئەو کەسەی تاوانەکەی کردووە، تەمەنی سەروو 18 ساڵە و دوای ئەوەی دانی بەتاوانەکەیدا ناوە، دۆسیەکه‌ی رەوانەی دادگای تاوانەکانی سلێمانی کراوە و ئەمڕۆش دادگای كرا”.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زانیارییه‌كان ئه‌وه‌یه‌ كچه‌كه‌ ئیفلیجیی مێشكی به‌ رێژه‌ی 80% هه‌بووه‌، 964 پرسیاری ئه‌وه‌ی كرد چۆن كارێكی له‌و شێوه‌یه‌ كراوه‌ و چۆن خۆی سووتاندووه‌، سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسی پێنجوێن كه‌ نه‌یویست ناوی بهێنرێت، بە 964ی راگەیاند، ئەو کچە توانای هەبووە بڕوات، دوای رووداوەکەش بە گوێرەی قسەی دایک و باوکی چووەتە حەوشەی ماڵەکەیان و لەوێ نەوتی کردووە بە خۆیدا و خۆی سوتاندووە.
لەسەر رووداوەکە، 964 پەیوەندی بە وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی و وتەبێژی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی کرد، بەڵام وەڵامیان نەبوو.

داڕشتنه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا