بارهەڵگرانی باشماخ. وێنە:964
بە کاتی کێشەکەیان چارەسەر کراوە
شۆفێری بارهەڵگرەکانی باشماخ مانگرتنیان شکاند
کامیار کەمال – پێنجوێن
دوای سێ رۆژ لە مانگرتنیان شۆفێرانی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ مانگرتنیان شکاند.
یەکێک لە کێشەکانی ئەو بارهەڵگرانە وەرگرتنی بڕە پارەیەک بوو لەگەڵ گومرکی بارەکانیان ئێستا بەشێوەیەکی کاتی بڕیاری وەرگرتنی 15هەزار دینارەکە راوەستاوە.
سیروان حەسەن، ئەنجومەنی شۆفێرانی بارهەڵگرانی باشماخ بە 964ـی راگەیاند، لەگەڵ مەرزی باشماخ لە دیوی ئێران کۆبوونەوەیان کردووە و ئەوانیش زۆر ناڕازی بوون لەو بڕیارە.
وتیشی، ئێستا بەشێوەیەکی کاتی و بۆ ماوەی سێ رۆژ ئەو بڕیاری وەرگرتنی 15هەزار دینارە لە لەگەڵ گومرک کردنی باردا راگیراوە و لە ئەمڕۆوە بارهەڵگرەکانیان چونەتە دیوی ئێران و جوڵەی بازرگانی دەستی پێکردووەتەوە.
ئەوەشی خستەروو، ئەو 15هەزار دینارە کە وەردەگیرێت لە پای هیچ خزمەتگوزارییەک نییە و تەنیا یەک دەنگۆ هەیە کە ئەو بازرگانانەی ئەو پسوڵە دەبڕن لە داهاتوو دەتوانن دۆلار بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی عێراق وەربگرن بەڵام هیچ قسەیەکی فەرمی نییە.
ئەمرۆش بارهەڵگرەکان کە چونەتە دیوی ئێران ئەو پسوڵەیان بڕیوە و ئەوانەی پسوڵەیان نەبڕیبێت مۆریان بۆ نەکراوە، ژمارەی تەواوی بارهەڵگرەکان لە پیکابەوە تا تڕێلە هەزار و 800 بارهەڵگرن و سەرجەمیان ئەو پسوڵەیان لێوەردەگیرا، سیروان حەسەن وای وت.
بەهۆی بڕیارێکی حکومەتی عێراقەوە ماوەی سێ رۆژ بوو شۆفێرانی هەر سێ مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخان و حاجی ئۆمەران مانیان گرتووە و جوڵەی بازرگانی لەو مەرزانە وەستابوو.
پێداچوونەوە: توانا نەقی