"پێشبینی ژمارەی زیاتریش دەکەین"

11 ساڵە زیاتر لە سێ هەزار خاوەنپێداویستی زاخۆ چاوەڕێی موچەن

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

لە زاخۆ سێ هەزار و 300 خاوەن پێداویستی تایبەت، 11 ساڵە چاوەڕوانی بەستنی موچەکانیانن، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی بڕیارێکی پێگەیشتووە بۆ بەستنی موچەی 13 هەزار خاوەنپێداویستی تایبەت کە تازە مامەڵەیان بۆ کراوە، بەڵام هەنگاوی کرداری بۆ نەنراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست 964 کەوتووە، لەساڵی 2013 تا ئێستا، هەموو ئەو خاوەن پێداویستیانەی زاخۆ لە راپۆرتی پزیشکیدا بە کەمئەندام پەسەندکراون و تا ئێستاش موچەیان بۆ دابین نەکراوە.

دڵگەش حەسەن، باوکی کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەتە بە 964 راگەیاند، ” کچەکەم کەلەدایکبوو تا ئێستاش ناتوانێت قسەبکات و هیچ دەنگێکیش نابیستێت و ئاستی چاوەکانیشی 35%، لە راپۆرتی پزیشکیدا بەرێژەی 100% خاوەنپێداویستی تایبەت تۆمارکرا، ئێستا تەمەنی 13 ساڵانە و تا ئێستاش چاوەروانی موچەکەی دەکەین”.

ئەمڕۆ سێشەممە 28.5.2024، عەبدولڕەزاق محەمەد، بەرێوەبەری چاودێری گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی زاخۆ بە 964 وت، “پێشبینی ژمارەی زیاتریش دەکەین نەک تەنیا سێ هەزار و 300 کەس، ئێمە هەموو شتێکمان کردووە ئەوەی ماوە لایی وەزارەت و حکومەتە، کە قەیرانی دارایی ماوەی رابردوو هۆکاری ئەم کێشەیە بووە”.

لە نوسراوێکى سەرۆکایەتى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران کە ئاراستەى وەزارەتى دارایى کراوە، تێیدا هاتووە، لەسەر فەرمانى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران کارى پێویست ئەنجام بدەن بۆ نوسراوێکى وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى کە تێیدا، داتاى تۆمارى نوێى بەشێک لە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە خۆى دەگرێت.

بەپێى تۆمارە نوێکە 13 هەزار و 227 کەمئەندام، لە 2023 دا پشکنینیان بۆ کراوە، ئەوەش بە مەبەستى دابینکردنى مینحەى کەمئەندامى.

لە نوسراوەکەى دیوانى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیراندا، داوا لە وەزارەتى دارایى کراوە کە تۆمارە نوێیەکە ئاراستەى وەزارەتى دارایى حکومەتى ناوەندى بکات بۆ داواکردنى تەرخانکردنى دارایى و جێبەجێکردنى ناوەڕۆکەکەى.

هەرچەندە ماوەى 10 ساڵ زیاترە پڕۆسەى ناونوسکردنى نوێى کەمئەندامانى هەرێمى کوردستان وەستاوە، بەڵام لە 19.11.2023دا، بە بڕیارى وەزیرى کار رەزامەندى وەرگیرا بۆ تۆمارکردنى کەمئەندامى نوێ کە لە قۆناغى یەکەمدا 13 هەزار و 227 کەسى نوێ وەک کەمئەندام ناسێنران.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

+964صورة من منصة (شبكة):
+964صورة من منصة (شبكة):