ئەمڕۆ کۆبوونەوە هەبوو

سودانی: په‌له‌ بكرێت له‌ دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق محه‌مه‌د شیاع سودانی، داوای كرد په‌له‌ بكرێت له‌ ته‌واوكردنی تۆماری زانیارییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان له‌ سیستمی به‌ بانكیكردن و موچه‌كانیان دوانه‌كه‌وێت.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سودانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ بابه‌تی به‌ بانكیكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام دا.

وەك له‌ راگه‌یاندراوه‌كه‌ی نووسینگەی سودانیدا هاتووە، سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی لە جێبەجێكردنی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ لە 21ی شوباتی ئەمساڵ ده‌رچووه‌ و  هەردوو حكومەتی فیدراڵی عێراق و هەرێمی كوردستان پابه‌ند دەكات بە “توگین” بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆدا، كه‌ باس نه‌كراوه‌ له‌گه‌ڵ كێ بووه‌، دووپاتی كردووه‌ته‌وه‌، په‌له‌ بكرێت له‌ ته‌واوكردنی تۆماری زانیارییه‌كانی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان و دابه‌شكردنی موچه‌كانیان دوانه‌كه‌وێت و مافه‌كانیان به‌ پێی یاسا و ده‌ستوور پارێزراو بێت.

ئه‌مه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هیچ ده‌نگۆیه‌ك له‌ باره‌ی دابه‌شكردنی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی كوردستان نییه‌، به‌ڵام له‌ ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق دابه‌ش كراوه‌.

له‌  لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ ئه‌مڕۆ وه‌زاره‌تی دارایی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، وەک بەشێک لە داهاتی ناوخۆی مانگی شوباتی هەرێمی کوردستان، 85 ملیار و 199 ملیۆن و 634 هەزار دینار، خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی عێراق.

سێ موچەکەى ساڵى رابردوو لاى هەولێرە یان بەغدا؟

سێ موچەکەى ساڵى رابردوو لاى هەولێرە یان بەغدا؟