پشتڕاستکراوە

بۆردومانەکانى ئەمڕۆ بە درۆن یان فڕۆکەى جەنگى ئەنجامدراوە؟

964+

وریا فەتاح

دواى ماوەیەک بێدەنگى، جارێکى دیکە بۆردومانى تورکیا بۆ سەر شاخەکانى هەرێمى کوردستان دەستیپێکردەوە، بەڵام ئەمجارە زنجیرە بۆردومان بووە و لەمساڵیشدا هەشت هاوڵاتى مەدەنى گیانیان بەخشیوە

ئەو شوێنانەى بۆردومانکراون، چیاى ئاراسن لە رواندزن، کوێستانەکانى پیرانە رەشە لە پشدەر، لوتکەى کوریس لە چیاى ئاسۆس لە سنوورى پشدەر و شارباژێر

کامەران مەلا عوسمان، رێکخەرى تیمى کوردستانى رێکخراوى CPT، بە 964ـى وت،”پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ فڕۆکەى جەنگییەکانى تورکیا زنجیرە هێرشیان ئەنجامداوە، سەرەتا لە سنوورى چۆمان و رواندز چیاى ئاراسنیان بۆردومانکرد و دواتر لە پشدەر کوێستانەکانى پیرانە رەشە و لوتکەى کوریس کە پشدەر و شارباژێر بەیەکەوە دەبەستیتەوە بۆردوومانکران”.

هەرچەندە لێدوانى هێزە ئەمنییەکان بۆ 964 ئەوە بوو کە بۆردومانەکان لە رێگەى درۆنەوە ئەنجامدراون، بەڵام رێکخەرى تیمى CPT کە رێکخراوێکى تایبەتمەندن بە بۆردومان، جەختیکردەوە کە بۆردومانەکان بە فڕۆکەى جەنگى ئەنجامدراون و وتى،”ئێستا تورکیا بە زنجیرە و لە رێگەى فڕۆکەى جەنگییەوە بۆردومانەکانى ئەنجام دەدات و تا رادەیەک هێرشى درۆنى کەمکردووەتەوە”.

وتیشى، لە بۆردومانەکەدا هیچ هاوڵاتییەکى مەدەنى بەرنەکەوتووە، بەڵام زیانى بە پووش و پاوەن و دارستان گەیاندووە و دەنگەکەى ترسى لاى بەشێک لە دانیشتووانى ئەو شوێنانە دروست کردووە.

لە 2024دا، هەشت هاوڵاتى مەدەنى بەهۆى بۆردومانى درۆن و فڕۆکەى جەنگیى تورکیا لە هەرێمى کوردستان گیانیان بەخشیوە، کە چواریان لە پارێزگاى دهۆک بوون و سێ هاوڵاتیش لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، هاوڵاتییەکیش لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و لە گوندى گەڵاڵە گیانى بەخشیوە.

لەو هەشت هاوڵاتییە، دووانیان کوردى رۆژهەڵاتى کوردستانن، کە لە چیاکانى نزیک سیدەکان گیانیان بەخشیبوو.

هێرشەکەى کەلار بە درۆن ئەنجامدراوە

هێرشەکەى کەلار بە درۆن ئەنجامدراوە