"وادەی هەڵبژاردن دیاریدەکرێت"
سبەینێ سەرۆکایەتی هەرێم و کۆمیسیۆن لەسەر هەڵبژاردن کۆدەبنەوە
964+
ژووری هەواڵ
بڕیارە سبەینێ، دەستەى سەرۆکایەتى هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆببێتەوە و تاوتوێی “دیاریکردنی وادەیەکی نوێ” بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
سەرچاوەیەک لە کۆمیسیۆنی باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە 964ـی راگەیاند، پێشنیازێک لە سەرۆکایەتى هەرێمی کوردستان هەیە بۆ دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردن بەجۆرێک کە لەگەڵ کارەکانی کۆمیسیۆنەکە بگونجێت، بۆیە سبەی سێشەممە کۆدەبنەوە.
دوێنێش، ئەندامێکی تیمی راگەیاندنی کۆمسیۆن کۆتایی تەواوی ئامادەکارییەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکراکرد و وتی،”تەنیا چاپکردنی فۆڕمی دەنگدان ماوە”.
درێژكردنەوەی ماوەی كاری كۆمیسیۆن تا سەرەتای مانگی كانوونی دووەمی داهاتوو لەلایەن پەرلەمانەوە، دەرفەتی رەخساندووە بۆ دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.
پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر هەمواری دووەمی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان داوە، ئەم کۆمسیۆنە ئەرکی سەرپەرشتیکردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کورستانی پێ راسپێردراوە.
رۆژی 10.6.2024 وادەی پەسەندکراوی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، بەڵام ئەم وادە نافەڕمی باس لە دواخستنی دەکرێ، بەو پێیەی لایەنەکان لە بانگەشە گەرم نین و کۆمسیۆنیش دووبارە تۆماری بایۆمەتری دەستپێکردووەتەوە، بەوەش چاوەڕوانکراوە وادەیەکی نوێ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بکرێت.