برینی زۆرە
سەگ مێرمنداڵێکی دینارتەی بریندار کرد
964+
زەید کۆچەر-دهۆک
سەگ پەلاماری مێرمنداڵێکی دینارتەی داوە و بەسەختی برینداری کردووە، ئێستا تەندروستی جێگیرە.
مێرمنداڵەکە تەمەنی 11 ساڵانە، درەنگانی شەوی رابردوو لە سەنتەری ناحیەی دینارتە سەگێک پەلاماری داوە و دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
964 زانیویەتی، لە رووداوەکەدا گوێیەکانی، سکی و پێی چەپی مێرمنداڵەکە بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی ئاکرێ چارەسەری وەرگرتووە.
نێچیرڤان فەخرەدین، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی ئاکرێ بە 964ی وت، “ئەو مێرمنداڵە دوای کاتژمێر 10:00ی شەو گەیەنراوەتە فریاکەوتنی ئاکرێ و دۆخی تەندروستی خراپ بووە، بۆیە چارەسەری خێرای بۆ ئەنجامدراو تا ئەمڕۆ لە ژێر چاودێریدابوو”.
وتیشی،” مەترسی لەسەر ژیانی نەماوە و تەندروستی جێگیرە بۆیە رەوانەی ماڵەوە کرایەوە”.
دوو رۆژ لەمەوبەریش لەهەولێر، گەنجێک بەهۆی پەلاماری سەگ دوای 19 رۆژ گیانی لەدەست دا.
پێداچوونەوە: بەهرە محەمەدئەمین