لە ئاکرێن و یەکێکیان گیانی لە دەست داوە
دوو حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە کوردستان تۆمار کراوە
964+
پێشەوا محەمەد
وەزیری تەندروستیی هەرێم رایدەگەیەنێت، دوو حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە قەزای ئاکرێ لە پارێزگای دهۆک تۆمار کراوە و یەکێکیان گیانی لە دەست داوە.
سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە 22.5.2024 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ژن و پیاوێک لە ئاکرێ تووشی تای خوێنبەربوون بوون و پیاوەکە بە گەیشتنی بە نەخۆشخانە بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەوە گیانی لە دەستداوە.
وتیشی، “ژنەکەش تووش بووە، بەڵام بارودۆخی تەندروستیی جێگیرە و لەژێر چاودێریدایە”.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە عێراق 50 حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشییەکە بوونیان هەیە و بەوەی هەرێمی کوردستانەوە هەشت گیانلەدەستدان هەیە.
وەزیری تەندروستیی هەرێم وتیشی، “دەبێت بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو نەخۆشییە بکرێت، چونکە رێژەی مردنی بەرزە، وەک وەزارەتی تەندروستی چاودێریی ئەو شوێنانە دەکەین ئاژەڵ تێیدا بەخێو دەکرێت و رێنمایی و دەرمانی پێویست دەدەین بە ئاژەڵداران”.
بەهۆی ئەوەی لە جەژنی قوربان نزیک دەبینەوە تەندروستیی جیهانی پێشبینی کردووە دوای جەژنەکە رێژەی تووشبوون لە عێراق سێ هێندە زیاد دەکات.
“بۆ جەژنی قوربان رێنمایی تایبەتمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ دەبێت و بە هەموو شێوەیەک سەربڕینی ئاژەڵ لە دەرەوەی سەربڕینخانەکان قەدەغە دەکرێت”، ئەوەش قسەی سامان بەرزنجییە.