ژمارەیەک کۆڵبەری رۆژهەڵات لە کاتی کۆڵبەریدا - وێنە: 964
لە ماوەی حکومڕانیی ئیبراهیم رەئیسیدا
119 کۆڵبەر کوژراون و 785ـی دیکە بریندار کراون
964+
پێشەوا محەمەد
لە ماوەی حکومڕانیی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران 904 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی، زانیارییەکانی ماڵپەڕی کۆڵبەر نیوز دەریدەخات، 119ـیان کوژراون و 785ـیشیان بریندار کراون.
ئیبراهیم رەئیسی ساڵی 2021 بوو بە سەرۆک کۆماری ئێران و لە رۆژى 19.5.2024، لە رووداوى تێکشکانى فڕۆکەکەى، رەئیسى و هەشت لە یاوەرانى کە پێکهاتبوون لە وەزیری دەرەوە و پارێزگاری ئازربایجانی رۆژهەڵات و ئیمامی تەبرێز لەگەڵ تیمی پاسەوان و فڕۆکەوانى گیانیان لە دەست دا.
کۆڵبەر نیوز بڵاوی کردووەتەوە، 691 کۆڵبەر بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون یان بریندار کراون.
بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی سەرچاوەکە، ساڵی 2021 نزیکەی 18 کوژراو و 120 بریندار هەبووە، ساڵی 2022 نزیکەی 39 کوژراو و 195 بریندار و ساڵی 2023 نزیکەی 44 کوژراو و 400 بریندار و تا کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵیش 18 کۆڵبەر کوژراون و 70ـی دیکە بریندار بوون.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو کۆڵبەرانە بۆ دەستخستنی بژێویی ژیانیان ئەو کارە مەترسیدارەیان هەڵبژاردووە لەکاتێکدا زۆرینەیان خاوەن خێزان و منداڵن.