کۆبوونەوەی فەرمانگە خۆجێییەکانی هەڵەبجە و ژووری بازرگانی و تیمی حکومەت _ وێنە: پارێزگای هەڵەبجە
دەستبەکاربوون
بۆردی وەبەرهێنانی هەڵەبجە پێکهێنرا و دوو لیژنەی دەبێت
964+
ئەحمەد مستەفا
بۆردی وەبەرهێنانی هەڵەبجە پێکهێنرا، کە بەسەر دوو لیژنەدا دابەشبوون و تاوتوێی پڕۆژە هەمەکار و وەبەرهێنانەکانی پەیوەست بە ژێرخانی پارێزگاکە دەکەن، لە دەرئەنجامی کۆبوونەوە گەیشتوون بەوەی، “کار بۆ جوڵاندنی بازاڕ بکەن”.
ئەمڕۆ سێشەممە 21.5.2024، تیمێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چوونە پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری فەرمانگە و ژووری بازرگانی شارەکەیان بینی و کۆبوونەوە.
زانیار حەمەنووری، بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەڵەبجە بە 964ی وت، “لە کۆبوونەوەکەدا بۆردی وەبەرهێنانی پارێزگای هەڵەبجە پێکهێنراوە، کە بە گوێرەی پێویستی، کار لەسەر ژێرخانی پارێزگای هەڵەبجە دەکەن و پڕۆژە پێشنیارکراوەکان تاوتوێ دەکەن، تا بۆ جێبەجێ کردن ئامادە بکرێن”.
- بە گوێرەی پێکهاتەی بۆردەکە، بەسەر دوو لیژنەدا دابەشبوون؛
لیژنەی یەکەم: لە وەبەرهێنانی هەڵەبجە، نەخشەدانانی ئاوەدانی هەڵەبجە و (شارەوانییە گشتییەکان یان شارەوانی هەڵەبجە) پێکدێن.
لیژنەی دووەم: لە وەبەرهێنانی هەڵەبجە، شارەوانی هەڵەبجە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکان، گەشتوگوزاری هەڵەبجە، ژووری بازرگانی، کشتوکاڵی هەڵەبجە و نەخشەدانانی ئاوەدانی هەڵەبجە پێکدێن.
بە قسەی، زانیار حەمەنووری بەڕێوەبەری وەبەرهێنانی هەڵەبجە، “مەبەست لە دروستكرنی بۆردەكە بۆ پێشخسـتن و گەشەسەندنی کەرتی وەبەرهێنانە لە هەڵەبجە و خستنەگەڕی پڕۆژەکان و کەمکردنەوەی رۆتیناتی ئیداریییە لە فەرمانگە خۆجێیەکان یان وەزارەتەکان و ئاسانکارییە بۆ وەبەرهێنەران”.
پارێزگای هەڵەبجە لە بڵاوکراوەیەکدا دەربارەی پێکهێنانی بۆردەکە دەڵێت، “لەکۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر هاوکاری و کارئاسانی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کرایەوە بۆ جێبەجێکردن و راییکردنی مامەڵەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و بوژاندنەوەی کەرتی تایبەت و وەگەڕخستنی پرۆژەکان و جوڵاندنی بازاڕ و رەخساندنی ھەلی کار”.