سوێندخواردنی دادوەر جاسم جەزا جافر، لە بەردەم سەرۆک کۆماری عێراقدا _ وێنە: سەرۆکایەتی کۆماری عێراق
لە کۆشکی بەغدا
ئەندامە کوردە یەدەگەکەی دادگای فیدڕاڵی سوێندی خوارد
ئەحمەد مستەفا
ئەمڕۆ دووشەممە 20.5.2024، لە بەردەم سەرۆك کۆماری عێراق، دادوەر جاسم جەزا جافر سوێندی یاسایی خوارد، دوای ئەوەی بە مەرسومێکی کۆماری وەك ئەندامی یەدەگ لە دادگای باڵای فیدراڵی دامەزرێندرا.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، لە سەرەتای دیدارەکەدا، کە لە کۆشکی بەغدا بەڕێوەچوو، پاش سوێندخواردنی دادوەرەکە، سەرۆك کۆماری عێراق پیرۆزبایی لە دادوەر جاسم جەزا جافر کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە جێبەجێکردنی ئەرک و کارەکانیدا.
لەتیف رەشید ئاماژەی بەوەکردووە، رۆڵ بگێڕێ لە بەرزکردنەوەی شکۆی دەوڵەت و خزمەتکردنی دادپەروەری و جێبەجێکردنی دەسەڵاتی یاسا و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی.
هاوکات داواشیکردووە، بە گرنگی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و بەردەوامبون لە کارکردن بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و پاراستنی سامانی گشتی و پاراستنی دەستکەوتەکان و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکان هەوڵبدات.
رۆژی 12.3.2024، دادوەر عەبدولڕەحمان زێباری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “لەبەرئەوەی بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی دژی بنەماکانی سیستمی فیدڕاڵییە و نەمانتوانی پشتگیری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەین لەو دادگایە بۆیە کشانەوەی خۆم رادەگەیەنم”.
ئەو دادوەرە ئەوکات ئەوەشی وت، “هەوڵمداوە کاربکەم لەسەر جێگیرکردنی سیستمی فیدڕاڵی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە لەرووی دەستوریەوە دانی پێدانراوە”.
دادگای فیدڕاڵی نۆ ئەندامی سەرەکی و چوار ئەندامی یەدەگی هەیە، کورد لە دادگای فیدڕاڵی تەنیا دوو ئەندامی هەیە، هەریەکە لە د. عەبدولڕەحمان سلێمان سەرۆکی دادگای تاوانەکانی دهۆک و دادوەر جاسم جەزا، سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی.