هاوسه‌رگیری‌ به‌ مه‌رجی‌ پسوڵه‌ی‌ زێڕینگه‌ر

میدیازان – دیسکی هەولێر – فەرمان سادق

ماوەی چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە دادوەرێک داوای وەسڵی کڕینی زێڕی لە کەسانە کردووە کە بەنیازی هاوسەرگیرین، وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری، پشتڕاستی زانیارییەکە دەکاتەوەو دەڵێ، لێکۆڵینەوەی لێ دەکەین.

شەهرام میرحاج وتەبێژی ئەنجومەنی دادوەری بە میدیازانـی راگەیاند، ئەوەی لە سۆشیال میدیا بڵاوکراوەتەوە کە دادوەرێکی قەزای دەشتی هەولێر داوای وەسڵی کڕینی زێڕ دەکات لە هاوسەران کە سەردانی دەکەن بۆ مارەبڕی، راستە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بابەتەکە لە ئەنجومەنی دادوەری بە میدیازانی وت، ئەوەی ئەو دادوەرە کردوویەتی هۆکارەکەی بۆ ئەو کێشەی جیابوونەوەی نێوان هاوسەران دەگەڕێتەوە کە ژنەکان لەبەردەم دادوەر وتوویانە پیاوەکەی زێڕی بۆ نەکڕیوە.

“ئەو کێشانە لەکاتی جیابوونەوەی هاوسەرەکان لەناو دادگاکان زۆرن، ئەو دادوەرەش لەو سۆنگەیەوە داوای وەسڵی کڕینی زێڕی کردووە تا وەک بەڵگەیەک بخرێتە ناو دۆسیەکانی هاوسەرگیری”. سەرچاوەکەی میدیازان وای وت، ئەوەیشی خستەڕوو کە بیرۆکەی داواکردنی وەسڵی کڕینی زێڕ دەبوو پێشتر لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری باس کرابایە، هەردوو دیوی ئەرێنی و نەرێنی داواکارییەکە گفتوگۆی لەسەر بکرایە.

شەهرام میرحاج زیاتر وتی “وەک ئەنجومەنی دادوەری سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە رووداوەکە، بۆ ئەمەش قسە لەگەڵ دادوەرەکە کراوە”.