پۆلیسە شەقوەشێنەکەی ئێران دەستگیرکرا و لە حەسەکەش هێلکە گران بوو
+964
ژووری ەواڵ
دەزگا ئەمنییەکانی ئێران رایانگەیاند ئەو پۆلیسەیان دەستگیرکردووە کە لە ژنێکی داوە لەبەر ئەوەی سەرپۆشی لەسەر نەبووە، ئەم راگەیەندراوە دوای ئەوە هات بەشێوەیەکی بەرفراوان ڤیدیۆی پۆلیسەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەوەو خەڵک بەراوردیانکرد بە رووداوی کوژرانی ژینا ئەمینی.
لە حەسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بەشێوەیەکی کتوپڕ نرخی هێلکە بەرزبووەوە، ئێستا نرخی تەبەقێک هێلکە گەیشتووەتە 40 هەزار لیرەی سوری، بە نزیکەیی چوار هەزار دینار دەکات، لەکاتێکدا پێشتر بە 27 هەزار بوو، هۆکارەکەی ئەوەیە هاوردەکردنی هێلکەی تورکی کەمی کردووە.
پێنج هەزار سەربازی تورکیا کوژراون و وەزعی رۆژئاواش باش نییە
بەرپرسێکی باڵای حیزبەکەی ئاردۆگان بە تۆمەتی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا، میدیا تورکییەکان رایانگەیاند کورشات کلچ، سەرۆکی پێشووی ناوچەی یۆزگاتی ئاکەپە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، پێشتریش ڤیدیۆیەکی لەسەر بڵاوبووەوە بەڵام نکوڵی لێکرد.
مانگرتنی بەشێک لە زیندانیانی باکووری کوردستان 170 رۆژی تێپەڕاند، زیندانییەکان کەسوکاریان نابینن و وەڵامی پەیوەندی تەلەفۆنی نادەنەوە، داواکاری سەرەکییان ئەوەیە گۆشەگیری سەر ئۆجەلان لاببرێت.
رێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: بەندکراوێکی کورد بە ناوی کیانووش وەلەدبەیگی کە لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج راگیرابوو، بەهۆی پێڕانەگەیشتنی پزیشک و درەنگ گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لەدەستدا.
ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد داوا لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان دەکات کاردانەوەی توند بنوێنێت بەرامبەر سوتاندنی بارەگای یەکێک لە حیزبەکانی ناو ئەو ئەنجومەنە لە قامیشلۆ، ئەم بەیانییە چەند کەسێکی نەناسراو بارەگای حیزبی دیموکراتی کوردستانی سوریایان سوتاند.