"شێوەی ئیسفنجی وەرگرتووە"

لە دوو دەروازەی هەرێم دەستگیرا بەسەر زیاتر لە 43 تۆن شوتیدا

964+

ژووری هەواڵ

لە مەرزی تەوڵە – شوشمی، کە دەکەوێتە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و دەروزایەکەی سنوری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانە، دەستگیرا بەسەر زیاتر لە 14 تۆن شوتی خراپبوودا.

ئەمڕۆ دووشەممە 13.5.2024، کەیوان مەنوجەر فەتاح، لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ بە 964ـی راگەیاند، دەستیانگرتووە بەسەر بڕی 14 تۆن و 640 کیلۆ شوتی خراپبوودا کە شیاو نەبوو بۆ خواردن و بڕیاری گەڕاندنەوەی درا بۆ وڵاتی ئێران.

“کێشە ئەوەیە ئەم شوتیە لە دەرەوە دەیبینی جوانە، بەڵام لە ناوەوە خراپ بووە، شێوەی ئیسفنجی وەرگرتوە، ئەمەش بۆ کڕیار زۆر زەرەرە، چونکه کە دەیکڕیت شکڵی جوانە، بەڵام بە کەڵکی خواردن نایەت”، لێپرسراوی کەرەنتینەی مەرزی شوشمێ وای وت.

هاوکات هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی راپەڕین رایگەیاند، لە دەروازەی کێلێ دەستیانگرتووە بەسەر 28 تۆن و 740 کیلۆ شوتی خراپبوودا کە ئەمەش لە ئێرانەوە بە دوو بارهەڵگر هاوردە کراوە.

بەگوێرەی رێنماییەکان، ماوەی دوو هەفتە دیاریدەکرێت بۆ گەڕاندنەوەی هەر خواردن و کەلوپەلێکی خراپبو بۆ وڵاتی ئێران، ئەگەرنا بڕیاری لەنێوبردنی دەدرێت.

بەشێك لە شوتیەكەی بەردەڕەش نەخۆشە

بەشێك لە شوتیەكەی بەردەڕەش نەخۆشە