''حکومەتم راسپاردووە لێکۆڵینەوەی جدی بکەن''

سەرۆکی حکومەت بۆ دوکاندارەکانی قەیسەری: خۆتان سەلامەت بن هەمووی قەرەبوو دەبێتەوە

964+

ژووری هەواڵ

ئاگرکەوتنەوەکانی هەولێر زۆر بوون، لە کەمتر لە سێ مانگدا نۆ ئاگری زۆر دیار هەن، ئەمە بۆ سەرۆکی حکومەتیش جێی پرسیارێکی جدییە، دەڵێت ”پێش رووداوەکان ناکەوین، بەڵام دەبێ بزانین بۆچی ئەم هەموو ئاگرکەوتنەوانە روو دەدات؟”.

ئەمڕۆ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چووە ناو بازاڕی قەیسەری هەولێر، بەچاوی خۆی ئاستی ئەو زیانانەی بینی کە بەر دوکانەکان کەوتوون، دوکاندارێک پێی وت ”برا گەورە بۆمان چاک بکەرەوە”، سەرۆکی حکومەتیش هەر لەپێش چاوی کامێراکان وەڵامی دایەوەو پێی وت ” خۆتان سەلامەت بن هەمووی قەرەبوو دەبێتەوە، ئەوەی پێمان بکرێت بۆ یارمەتیدانی ئێوە دەیکەین”.

دوێنێ شەو ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەری هەولێر کەوتەوە، چوار کاتژمێری ویست تا کۆنترۆ ڵکرا، ئامارە سەرەتاییەکان دەڵێن 227 دوکان و حەوت کۆگای بچووک سوتاون، زیاتر لە 130 کەسیش برینداربوون، برینەکانیان سووکە.

قەبارەی ئاگرەکە گەورەبوو، زیانەکانیش گەورەن، لە بەیانییەوە بەرپرسانی شار دێن و دەچن دڵی خاوەن دوکانەکان دەدەنەوە، دەمەو ئێوارە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت خۆیشی چوو ناو بازاڕەکە گەڕا.

سەرۆکی حکومەت قسەی بۆ دوکاندارەکان کردو وتی ”ئەم ئاگرە هەموومانی نیگەران کرد، لە دوێنێ شەوەوە لەسەر خەت بووین بۆ کۆنترۆڵکردنی، ئەمڕۆش هاتین بە چاوی خۆمان زیانەکان ببینین، ئەم شوێنە بۆ ئێمە شوێنێکی کەلتوری و مێژووییە، ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ قەرەبووکردنەوەی تەقسیری ناکەین”.

سەرۆکی حکومەت لە قسەکانیدا بە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە کەوتنەوەی ئەم هەموو ئاگرە زۆرە، ئاسایی نیین، وتی ”حکومەت رادەسپێرم لێکۆڵینەوە بکەن لەو ئاگرە زۆرانەی بە تایبەتی بەم دواییە لەهەولێر و دهۆک کەوتنەوە، پێش رووداوەکان ناکەوین، بەڵام دەبێ بزانین ئاخۆ بە دەستی ئەنقەستن یان کەمتەرخەمی هەیە لە جێبەجێنەکردنی رێنماییەکان”.

مەسرور بارزانی بە قسەکانیدا دیاربوو زۆر مەبەستیەتی هۆکارەکانیان بزانێت، بۆیە چەندجارێک دووبارەی کردەوە دەبێ لێکۆڵینەوە بکرێت، تەماشایەکی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێری کرد کە لە دەستە چەپی وەستابوو وتی ”ئەم لێکۆڵینەوەیە دەبێ بەزووترین کات بکرێت”.