عێراق بڕیاری دامەزراندنی یەکەمەکانی کوردستانی نەداوە

+964

فەهمی نەبی -هەولێر

بە مەبەستی دامەزراندنیان وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەفتەیەکە ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی کوردستانیان ناردووە بۆ حکومەتی عێراق، بەڵام وتەبێژی وەزارەتەکەش دەڵێت: تا ئێستا بڕیاری دامەزراندنیان نەدراوە.

لە یەکی تشرینی دووەمی 2022، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا سێ یەکەمەکانی عێراق دابمەزرێنێت، لە ناو بڕیارەکەشدا دەرچووەکانی زانکۆو پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی +964، یەکەمەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵەکانی 2017 تاوەکو 2022 دەگرێتەوە، ئەمڕۆش هەواڵی دامەزراندنیان بڵاوکراوەیەوە.

عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە +964ـی وت “هەفتەیەک زیاترە ناوەکان رەوانەی بەغدا کراون، بەڵام تا ئێستا فەرمانی دامەزراندنیان دەرنەچووە”.

وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی وت، هێشتا روون نییە کەی بڕیاری دامەزراندنیان بۆ دەردەچێت.