كەی دەگەڕێندرێتەوە هەولێر؟
رووخساری ژنە نیاندرتاڵەكەی ئەشكەوتی شانەدەر دروستكرایەوە
964+
فەرهاد حەسەن
رووخساری ئەو ژنە نیاندرتاڵە دروستكرایەوە، كە ماوەی زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر كەلـلەسەرەكەی لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزرابووەوە و وەك لێكۆڵەرەوان مەزەندەیان كرد تەمەنی بۆ 75 هەزار ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە.
كەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتی شوێنەوار و كەلەپووری هەرێم، بە 964ـی وت، لەلایەن هەردوو زانکۆی کامبریدج و لیڤەرپول لە وڵاتی بەریتانیا روخساری ژنە نیاندەرتاڵەكە دروستكراوەتەوە و وێنەی رووخسارەكەیان بەدەست گەیشتووە.
وتیشی “كەناڵی BBC جیهانی، دوای مۆڵەت وەرگرتنی لەلایەن ئێمەوە بەڵگە فیلمێكی لەسەر ئەو ژنە نیاندرتاڵە دروستكردووە و لە نێتفلێكس بڵاوكراوەتەوە كە لەیەكەم بڵاوكردنەوەیدا زیاتر لە نۆ ملیۆن كەس بینیویانە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، رۆژی دوو شەممەی رابردوو، تیمێكی زانكۆی كامبریجی بەریتانی هاتنەوە هەولێر و ئەو وێنەیان بۆ هێناون و گرێبەستی پێنج ساڵی دیكەشیان لەگەڵ شوێنەوار واژۆ كردووە بۆ كاركردنەوە لە ئەشكەوتی شانەدەر.
“ئێستا تیمی زانكۆكە لە ئەشكەوتی شانەدەر دەستیان بە لێكۆڵینەوەكانی خۆیان كردووەتەوە” ئەمەش قسەی كەیفی مستەفایە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە شوێنەواری هەرێم بە 964 ـی داوە، زیاتر لە ساڵێك لەمەوبەر پارچەكانی ئەو كەلـلەسەرە، لەلایەن زانكۆی كامریجەوە بۆ زانكۆكەیان بردراوە و كە پارچەكانی كەلـلەسەرەكە بریتی بووە لە زیاتر لە 200 پارچە و ئەوان لەماوەی ئەو ماوەیەدا پارچەكانیان پێكەوە نوساندۆتەوە و لەلایەن دوو زانای هۆڵەندیش كە پەیكەرتاشن ئەم رووخسارەی ئێستای ژنە نیاندرتاڵەكە دروستكراوەتەوە.
بەقسەی بەڕێوەبەری گشتی شوێنەواری هەرێم، كاتی هاتنەوەی ئەم رووخسار و كەلـلەسەرە هەروەكو لە زانكۆكە پێیانوتراوە ماوەی ساڵێكی دیكەی پێویستە، چونكە ئەوان دەیانەوێات لەسەر هەمان كەلـلەسەر پەیكەری دیكەی ئەم ژنە نیاندرتاڵە دروست بكەن.