لە 2022ـدا 431 پێشلکاری بەرامبەر بە 301 رۆژنامەنووس کراوە

964+

پێشەوا محەمەد – سلێمانی

431 پێشێلکاری بەرامبەر 301 رۆژنامەنووس و دەزگای راگەیاندن لە ساڵی 2022ـدا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون. ئامارەکە هی سەنتەری میترۆیە و دەڵێت، کارانەبوونی یاساکان هۆکاری بەردەوامی پێشێلکاترییەکانە.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە رۆژنامەنووسان، راپۆرتی ساڵی رابردووی رەوشی رۆژنامەوانیی لە هەرێم بڵاوکردەوە و تیایدا ئاشکرای کردووە، لە ساڵی 2022ـدا 195رێگری لە رۆژنامەنووسان کراوە بۆ رووماڵکردن، 68 زەوتکردن و شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانی هەبووە، چوار حاڵەتی دەستگیرکردن و 46 حاڵەتی هەڕەشە و سوکایەتیکردنیش بە رۆژنامەنووسان تۆمار کراوە.

لە راپۆرتەکەی سەنتەری میترۆدا ئەوەش راگەیەندراوە، لە هەمان ساڵدا 64 دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان هەبووە بێ بڕیاری دادگا، 26 حاڵەتی لێدان و بریندارکردن و یەک حاڵەتی داخستنی نووسینگەی کەناڵ هەبووە. 

لە هەمان راپۆرتدا ئەوەش هاتووە، دوو هێرشی مووشەکی هەبووە لەگەڵ سێ حاڵەتی هەڵکوتانە سەر ماڵی رۆژنامەنووس. هەوەرها شەش هێرشی ئەلکترۆنی و 16حاڵەتی پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە رۆژنامەنووسان هەبووە.

رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنووسان بە 964+ـی راگەیاند: دووبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان لە هەرێمی کوردستان بەرامبەر رۆژنامەنووسان بۆ جێبەجێ نەکردنی یاسا بەرکارەکان دەگەڕێتەوە، بەتایبەت یاسای رۆژنامەنووسی.

دەشڵێت: حکومەتی هەرێم تا ئێستاش نکۆڵی لە بوونی حاڵەتەکانی پێشێلکاری بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەکات، ئەوەش هۆکارێکی ترە بۆ چەندبارەبوونەوەی پێشێلکارییەکان.

سەنتەری میترۆ لە راپۆرتەکەیدا ژمارەیەک راسپاردەی راگەیاندووە، باس لە پێویستیی قبووڵکردنی رەخنە دەکات لە لایەن بەرپرسانەوە، هەروەها داوەی دادوەری تایبەت بە کێشەکانی بڵاوکردنەوە دەکات لە دادگاکاندا و دەشڵێت؛ جگە لە پۆلیس هیچ دەزگایەکی تر بۆی نەبێت لێپێچینەوە لە رۆژنامەنووسان بکات.