نرخی نەوت هاتە 83 دۆلار

تا دێت نرخی نەوت لە چاو رۆژانی رابردوو دادەبەزێت

964+

توانا نەقی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەگەڵ کردنەوەى بازاڕى جیهانی، نرخى نەوت لە چاو دوێنێدا دابەزینێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە و وا نزیک دەبێتەوە لە هەفتەیەک کە بەردەوامە لە نزمبوونەوە.

دابەزینی نرخی نەوت بە جۆرێکە وا نزیک دەبێتەوە لە 80 دۆلار و رۆژانە بە رێژەیەکی زۆر نرخەکەی لەدەست دەدات لە بازاڕە جیهانیەکاندا.

بەپێى داتاکانى بازاڕى جیهانى، بۆ ئەمڕۆ نرخى یەک بەرمیل نەوتى خاوى برێنت 83 دۆلار و 98 سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

هاوکات، نرخى یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکا گەیشتووەتە 79 دۆلار 51 سەنت کە بە رێژەی 0.89% لە چاو کاتی داخستنی بازاڕەکان دابەزیوە.

بەپێی خەمڵاندنەکانی جەی پی مۆرگان، تێکڕای بەکارهێنانی نەوتی جیهانی لە سەرەتای مانگی نیسانەوە تا ئێستا گەیشتووەتە 101 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، کە 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمترە لە چاو پێشبینییه‌كان.

ئەگەری راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل لەبەرامبەر رادەستکردنەوەی بارمتەکانی کە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە، یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی نرخی نەوت لە جیهاندا.