حاسڵاتی رووداوەکان

لە رۆژهەڵات بۆ کۆڵبەران نەهاتە و لە رۆژئاواش بەنزین گرانە

964+

ژووری هەواڵ

لە دوێنێوە نرخی بەنزین و گاز لە ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان بەرزبوونەتەوە، بەرپرسانی ئەو ناوچانەش دەڵێن پەیوەندی هەیە بە گرانبوونی نرخی دۆلار لەبەرامبەر لیرەی سوری، ئێستا یەک دۆلاری ئەمریکی یەکسانە بە 15300 لیرەی سوری.

میدیاکانی نزیک لە دەسەڵاتی خۆسەری لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، تەنیا لە مانگی نیسانی رابردوو تورکیا 15 هەزار و 700 کەسی دیپۆرت کردووەتەوە بۆ سوریا، بەشێک لەوانە دانیشتوی شارەکانی رۆژئاوای کوردستانن.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان دەڵێن، دەزگای هەواڵگری تورکیا لە شاری عەفرین شەش کەسی رفاندووە، ئەوەندە دەزانن هەر شەش کەسەکە براونەتە باکوری کوردستان و مۆبایلەکانیان لێ سەندراوە، ئیتر لەوە بەدواوە بێ هەواڵ بوون.

بەپێی داتای رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ تەنیا لە ماوەی مانگی نیسان لە سنورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لانی کەم 37 کۆڵبەر کوژراون یان بریندار کراون کە 92%ی سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران بەرکەوتوون.

رۆژی کرێکاران بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان هەواڵی ناخۆشی پێبوو، رێکخراوی هەنگاو بڵاویکردووەتەوە: مانی سادق منداڵێکی بنێشتفرۆشە لە شەقامەکانی شاری سنە، لەو کاتەی لەسەر شەقام کاری کردووە ئۆتۆمبێل لێیداوەو پاش دوو مانگ مانەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئاژانسی ئەنادۆڵۆی لە زاری وەزارەتی بەرگری تورکیاوە رایگەیاندووە، فرۆکە جەنگییەکانی تورکیا قەندیلیان کردووەتە ئامانج و بەهۆی ئەوە دوو گەریلای پارتی کرێکاران گیانیان بەخشیوە.