لە نۆ مانگدا پەنجا نانەواخانە لە دهۆک داخراون

 میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

گرانبوونی نرخی ئارد، زەیت،گازوایل و پێویستییەکانی تر، بووەتە هۆی داخستنی پەنجا نانەواخانە لەلایەن خاوەنەکانیان.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی تشرینی یەکەم، زێرەڤان عارف، نوێنەری نانەواخانەکانی پارێزگای دهۆک بە میدیازانی راگەیاند، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە پەنجا نانەواخانە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە داخراون.

زیاتر روونی کردەوە، هۆکاری داخستنەکە دەگەڕێتەوە بۆ گرانبوونی نرخی ئارد، زەیت، گازوایل و پێویستییەکانی تر، وتی “ئەمانە نرخیان زۆر گران بووە، بۆ خاوەن نانەواخانەکان دەری ناهێنێت بەهەمان کێشی گونک و ژمارە نان یان سەموون بفرۆشن”.

 پێشتریش نانەواخانەکانی سنووری دهۆک، نارەزایەتیان هەبووەو بۆ ئەمەش بۆ چەند رۆژێک نانەواخانەکانیان داخستووەو داواشیان لە حکومەت کردووە کە هاوکارییان بکات.

“لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە پەنجا نانەواخانە لەلایەن خاوەنەکانیانەوە داخراون”

نوێنەری نانەواخانەکان دەڵێ، دوای نارەزایەتییەکە حکومەت کۆمەڵێک بڕیاری بۆ بەرژەوەندی نانەواخانەکان دەرکرد، لەوانە کەمکردنەوەی کرێی کارەبای نیشتیمانی بەڕێژەی ٥٠٪، هەڵگرتنی باج لەسەر هاوردەکردنی ئارد و زەیت لە دەروازەکان، وتی “بەڵام بڕیارەکە تەنیا لەمانگی نیسان و ئایار  جێبەجێ کران، دواتر لێی پەشیمان بوونەوە”.

 ناڕەزایەتی نانەواخانەو سەمونخانەکان، ناڕەزایەتییەکی سەرتاسەری کوردستانییەو پێشتریش هەمان دۆخ لە هەولێرو سلێمانی هەبووە، تائێستاش ئەو پرسە گرفتی هەیەو چارەسەر نەکراوە، ئەمەشە وایکردووە هەر نانەواخانەیەک و سەمونخانەیەک بەئارەزووی خۆیان نان و سەموون بفرۆشن.

 زێرەڤان عارف، کە خۆی خاوەنی دوو سەمونخانەو چەند مانگێک پێش ئێستا دانەیەکی داخستووەو دەڵێ سەرووی دە هەزار دۆلار زیانی لێکردووە، باس لە نرخی ئارد دەکات کە بووەتە سەرووی پەنجا هەزار دینار، دەبەیەک زەیتی یەک لیتری بووەتە سێ هەزار، گازوایلیش لیتری سەروو هەزار دینارە، وتی “ئەمە وایکردووە سەمونخانەو نانەواخانەکان دەستکاری کێشی گونک بکەن،  بۆیە دەبینین کێشی ئەنگوتک لە پەنجا گرامەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە هەشتا گرام، بەڵام پارساڵ کێشی لە ١١٠ یان ١٠٠ گرام بوو”.

  بەقسەی زێرەڤان عارف بێت، لە سەنتەری قەزای ناوەندی دهۆک 600 بۆ 700 نانەواخانەو سەمونخانە هەیە، لە نۆ مانگی رابردوودا سەرووی پەنجا نانەواخانە، لەلایەن خاوەنەکانیان داخراون، وتی “ساڵی رابردووش سی نانەواخانەی دیکەش لەلایەن خاوەنەکانیان داخرا بوون، وابڕوات ژمارەکە زیاتر دەبێت”.