بازاڕى هێلکەى خۆماڵى لاوازکردووە

گردبوونەوە دژى هێلکەى قاچاخ دەستى پێکرد

964+

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

بەشێک لە خاوەن پڕۆژەکانى بەرهەمهێنانى هێلکە، دژى هاوردەکردنى هێلکەى قاچاخ گردبوونەوە و دەڵێن، ئەگەر سنوورێک بۆ هێنانى هێلکەى قاچاخ دانەنرێت، ناچار دەبن پڕۆژەکانیان دابخەن.

مسکین نازم، یەکێک لە خاوەن پڕۆژەکانى بەرهەمهێنانى هێلکەیە، لە گردبوونەوەکەدا قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”لە پڕۆژەکەى خۆم هەلیکارم بۆ نزیکەى 100 کرێکار دابینکردووە، بەڵام ئێستا خەریکە هێلکەى قاچاخ نەک کۆتایى بە پڕۆژەکەمان بهێنێت بەڵکو ئەو هەزاران هەلیکارەى هەیە کۆتایى دێت”.

کێشەى ئەو خاوەن پڕۆژانە ئەوەیە، هاوردەکردنى هێلکە بە قاچاخ بازاڕى بەرهەمهێنانى هێلکەى خۆماڵى لاواز کردووە، بەوتەى محەمەد عەبدوڵا کە یەکێکى ترە لە خاوەن پڕۆژەکان و لە چۆمانەوە بۆ بەشداریکردن لە گردبوونەوەکە هاتووەتە هەولێر، بە 964ـى وت، رۆژانە 100 کارتۆن هێلکە بەرهەم دەهێنم، بەڵام ئێستا نافرۆشرێت و 800 کارتۆنم لە کۆگادا داناوە و دەکەوینە زەرەرەوە.

لە هەرێمى کوردستان، 36 پڕۆژەى بەرهەمهێنانى هێلکە هەیە و بە گشتى لە عێراقدا ژمارەیان دەگات بە 80 پڕۆژە کە دەتوانن بازاڕى ناوخۆ پڕبکەنەوە، بەڵام هاوردەکردنى هێلکەى قاچاخ، خەریکە ریسى ئەو کارگانە دەکاتەوە بە خورى.

داڕشتنەوە: وریا فەتاح

کێڵگەیەکى بەرهەمهێنانى هێلکە 10 رۆژ مۆڵەتى پێدەدرێت

کێڵگەیەکى بەرهەمهێنانى هێلکە 10 رۆژ مۆڵەتى پێدەدرێت