درێژترین ماوەی کوژانەوەی یەکەکان بووە

72 کاتژمێرە وێستگەی ‌غازی کارەبایی هەولێر کوژاوەتەوە

964+

فەهمی نەبی

کاتژمێر 7:15ی رۆژی هەینی درۆنێک خۆی کێشا بە بەشی کۆگای نەفتا لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەم، کاتژمێرێک دواتر بەهۆی وەستانی پرۆسەی ناردنی ‌غاز لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە، هەر حەوت یەکەکەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای غازیی هەولێر کوژانەوە و ئێستا 72 کاتژمێر تێپەڕدەبێت، هێشتا هیچ سەروسۆراغێکی داگیرسانەوەی نییە.

سەرچاوەیەک لە وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای غازی هەولێر بە 964ی وت، هیچ سۆراغێکی داگیرسانەوەی یەکەکان نییە، ئەوە یەکەمجارە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەو ماوە درێژە یەکەکان بەهۆی وەستانی غاز بکوژێنەوە.

سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بۆ 964 قسەیکردووەو دەڵێت، “ئومێد هەیە بەمزوانە بەرهەمهێنانی غاز لە کۆرمۆر دەستپێبکاتەوە”.

دوای ئەوەی شەوی هەینی بە درۆنێک کێڵگەی غازی کۆرمۆر پێکرا و چوار کارمەندی یەمەنی گیانیان لەدەستدا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە راگەیەنراوێکدا وتی، بەهۆی ئەو هێرشەوە 2500 مێگاوات کارەبا لە هەرێمی کوردستان کەمیکردووەو لەرێگەی سەرچاوەکانی دیکەوە توانیویانە 1600 مێگاوات کارەبا دابین بکەن.

ئەو کات ئومێد ئەحمەد وتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە 964ی راگەیاندبوو، هەرێمی کوردستان وەکو ژێرخان توانای بەرهەمهێانی نزیکەی 7000 مێگاوات کارەبای دەبێت، بەڵام لەبەر نەبوونی غازی پێویست بەر لەم هێرشەی سەر کۆرمۆر لە نێوان 3500 تا 4000 مێگاوات کارەبامان هەبووە.

سودانی: سەرەداوی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرمان دۆ...

سودانی: سەرەداوی هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆرمان دۆزیوەتەوە