دیمەنی کۆکردنەوەی پارە بۆ توشبووانی شێرپەنجە لە باخچەی منداڵانی ئامێز _ وێنە: باخچەی منداڵانی ئامێز
"منداڵێک هەموو رۆژێک هەزار دیناری هێناوە"
لە باخچەیەکی منداڵان پارە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە کۆدەکرێتەوە
964+
ئەحمەد مستەفا
دوو مانگە بیرۆکەکە لەلای بەڕێوەبەر و مامۆستاکانیان گەڵاڵە بووە، ئەمڕۆ بە کۆتایان گەیاند و نزیکەی 610 هەزاری دیناریان بۆ منداڵانی توشبووی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی هیوا کۆکردەوە.
ئەوە چیرۆکی منداڵانی باخچەی ئامێزە، لە شارۆچکەی عەربەت-ی سەر بە پارێزگای سلێمانی، کە باخچەیەکی نموونەیی شارۆچکەکەیە و لە ساڵی 2007 وە دروستکراوە، بۆ ئەمساڵی خوێندن 233ی منداڵ لە پێنج گروپدا ناونوسی خوێندن کراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە 28.4.2024، چنار تۆفیق، بەڕێوەبەری باخچەی منداڵانی ئامێز لە عەربەت بۆ 964 باسیلەوەکرد، “هەڵمەتەکەیان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە منداڵانی باخچەکە فێری پەیوەندی کۆمەڵایەتی بکەن، ئەوەش بە گەیاندنی هاوکاری و بەخشین بۆ ئەو کەسانەی پێویستییانە”.
بە شێوەیەکی سادە و ساکار، لە کارتۆنی وەرەقەی چاپکردن کە بە “ئەی فۆڕ” ناسراوە، سندوقی هەڵمەتەکەیان دروستکردووە و چواردەوریان تیپ رێژ کردووە تا پارەکەی تێدا کۆبکەنەوە، بە درێژایی ئەم ماوە منداڵانی باخچەکە هاوکارییان بۆ هێناوە، ئەگەر رۆژانەکەی خۆشیان بووبێت.
بە قسەی مامۆستا چنار بێت، “خوێندکار هەبووە، بە 250 دینار و خوێندکاری دیکەش بە 5000 هەزار دینار، بەشداری هەڵمەتەکەیان کردووە”، دەربارەی چیرۆکی سەرنجڕاکێشی ئەو رۆژانەی هەڵمەتەکەیان بەڕێوەبردووە لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا ئەو وتی، “منداڵێک لەلامانە، هەموو رۆژێک یاخود زۆربەی کاتەکان کە بینیومانە، بە هەزار دینار بەشداری کەمپینەکەی کردووە”.
ئیدارەی باخچەی منداڵانی ئامێر، لە هەنگاوی ئەوەدایە نوسراو بۆ بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵاتی سلێمانی بکات، تا بە رێکاری ئیداری بڕە پارەی کۆکراوە رادەستی نەخۆشخانەی هیوا بکەن، لە کاتێکدا نەخۆشخانەی هیوا پێی وتوون، ئەوان لە ئێستادا 70 منداڵی توشبووی شێرپەنجەیان هەیە، بەڵام ، مامۆستا چنار تۆفیق وتی، “تەنیا دەتوانن 30 منداڵ بەسەربکەنەوە بە پێدانی بڕە پارەیەک پێیان، کە بەردەوام لە نەخۆشخانەکە دەمێننەوە”.
دیمەنی کۆکردنەوەی پارە لە باخچەی منداڵانی ئامێز: