هەفتەیەک تێپەڕیوە

کەی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان بەردەست دەبێت؟

964+

ئەحمەد عەبدوڵا

هەفتەیەک بەسەر کۆتایی هاتنی کەمپینی دانانی ئاڵای تاجیکستان لە سۆشیاڵ میدیا تێپەڕی و بۆکان جاف[دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرس لە عێراق و خاوەنی کەمپینەکە] دەڵێت، “هێشتا چاوەڕێی وەڵامی لایەنە پەیوەندیدارەکانە”.

کەمپەینی دانانی ئاڵای تاجیکستان لە 21ی ئاداری ئەمساڵ دەستیپێکرد و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام بوو، لە ماوەی ئەو مانگەدا بۆکان جافی خاوەنی کەمپەینەکە بە بەردەوامی داوای لە خەڵک دەکرد تا دەتوانن ئاڵای تاجیکستان لە پۆست و کۆمێنتەکان بەکاربێنن بۆ ئەوەی ئیمۆجی ئاڵای کوردستان زیاد بکرێت.

دوای تەواوبوونی کەمپەینەکە و تێپەڕبوونی هەفتەیەک، خەڵکێکی زۆر چاوەڕێی ئەنجامی کەمپەینەکەن، بۆکان جاف لەو بارەیەوە بە 964ی راگەیاند، داتاکان نێردراون بۆ لایەنی پەیوەندیدار و گەیشتووەتە دەستیان، بەڵام نازانین کەی وەڵامیان دەبێت، پێشبینی دەکەم وەڵامدانەوەیان کاتێکی زۆری نەوێت.

964 داوای داتا و ناوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی لە بۆکان جاف کرد بەڵام وتی، نامەوێت تا ئەنجامەکان دەردەکەون ناوەکانیان ئاشکرا بکەم و هیچیشی لەسەر داتا دەستکەوتووەکان نەگووت.

کەمپەینی دانانی ئاڵای تاجیکستان لە سۆشیاڵ میدیا نارەزایی بەشێک لە شارەزایانی تەکنەلۆژیای لێکەوتەوە بە “هەڵخەڵەتاندن و فێڵکردن لە خەڵک” و هەندێکیش کەمپەینەکەیان بە هۆکاری تێکدانی داتای کوردی لە گوگڵ تۆمەتبار کرد.

فوئاد زادە، شارەزایەکی تەکنەلۆژی، لە پەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک بابەتێکی نووسیوە لەسەر لێکەوتەکانی ئەو کەمپەینە و دەڵێت، بەهۆی کەمپەینەکەوە ناوەڕۆکی کوردی و تاجیکستانی تێکەڵاوبووە و کاریگەری لەسەر گەڕان دروستکردووە و دەبێتە هۆی لاوازبوونی ناسنامەی کورد، لێرە درێژەی بابەتەکەی ببینە

دامەزراوەی یونیکۆد [دامەزراوەیەکی بێلایەنە ئامانجیان بەجیهانیکردنی سۆفتوێرە] کاری دروستکردن و زیادکردنی ئیمۆجییە، بەشێوەیەکی گشتی تەنیا ئیمۆجی ئاڵا بۆ ئەو شوێنانە دادەنێن کە وڵاتێکی سەربەخۆن، بۆ هەرێم، ویلایەت و ناوچەکان ئیمۆجیی تایبەت دروست ناکەن، بەڵام بۆکان جاف پێشتر وتبووی، هەندێک ناوچەی دیکە کە وڵات نین ئیمۆجییان هەیە، وەکو، دوورگەکانی فارۆ، گرین لاند و جەمسەری باشوور.

بۆکان جاف دامەزرێنەری کۆمەڵەی گوگڵ کراودسۆرسی عێراقە و رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە زیادکردنی زمانی کوردی ناوەندی بۆ گوگڵ ترانسلەیت.

پڕۆگرامێکی تایبەتی 964 کوردانە لەسەر کەمپەینەکەی بۆکان جاف:

ئیمۆجی تاجیکستان شۆڕشە نوێیەکەی سۆشیاڵ میدیای کوردی

ئیمۆجی تاجیکستان شۆڕشە نوێیەکەی سۆشیاڵ میدیای کوردی