کێن ئەوانەی پلە بەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە؟
پەروەردەی پێنجوێن وردبینیکردنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرەکانی تەواو کرد
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
پەروەردەی پێنجوێن توانیان بەماوەی هەفتەیەک پێداچوونەوە بە لیستی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی سنووری پەروەردەکە بکەن و ئامادە دەکرێت بۆ لیستی موچەی مانگی پێنج.
ئەسعەد جافر بەڕێوەبەری پەروەردەی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، لیژنەکەیان پێکهێناوە بە ناوی ‘بەرزە موچە” و پێداچوونەوەیان بە دۆسیەیی تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەدا کردووە.
وتیشی، هەندێ فەرمانبەر شایەنی ئەوەبوون دوو پلەیان بۆ بەرزبکرێتەوە و هەندێکیش هیچ پلە بەرزکردنەوەیەک نایانگرێتەوە و ئەوەشی خستەروو، ئەوانەی پلەبەرزکردنەوە دەیانگرێتەوە فەرمانبەری پلە هەشت تا پلە سێن و ئەوانەش کە پلە بەرزکردنەوە نایانگرێتەوە فەرمانبەری پلە دوون.
ئاماژەی بەوەشدا، بە شەو و رۆژ لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا کاریان کردووە و پێداچوونەوەیان بە دۆسیەی مامۆستایان و فەرمانبەران کردووە تاوەکو بەزووترین کات ئامادەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پێنجوێن، خاوەنی هەزار مامۆستایە کە نیوەیان میلاکن و نیوەشیان مامۆستای وانەبێژن.
پێداچوونەوە: فەهمی نەبی