10 رۆژی ئەوێت بۆ چارەسەر کردن

لە چوارقوڕنە ئاوی زێراب تێکەڵی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکێک بووە

964+

ژێوار خدر – راپەڕین

لە دوێنێوە لە گەڕەکی ئازادی ناحیەی چوارقوڕنە، ئاوی خواردنەوە تێکەڵ بە ئاوەڕۆی زێراب بووە و شارەوانی چوارقوڕنەش لە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکەدان.

کاکەڕەش مستەفا بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی چوارقوڕنە بە 964ـی وت، راستە ئاوی خواردنەوە تێکەڵ بە ئاوی زێراب بووە، هۆکارەکەشی بۆ پەنگخواردنەوەی ئاوی زێرابەکە دەگەڕێتەوە کە زیانی بە قوفڵی ئاوەکە گەیاندووە و تێکەڵی ئاوی خواردنەوە بووە بەهۆی ئەوەی هەردوو بۆریەکە بەتەنیشتی یەکەوەن.

وتیشی، ئەوان لەگەڵ شارەوانی چوارقوڕنە سەردانی گەڕەکەکەیان کردووە و لە هەوڵی چارەسەر کردنی کێشەکەدان و هەتا کاتی چارەسەر کردنیشی بە تانکەر ئاو بۆ گەڕەکەکە دابین دەکەن کە لە 20 بۆ 30 ماڵ پێکهاتوون.

حەسەن زرار سەرۆکی شارەوانی چوارقوڕنە سەبارەت بە چارەسەر کردنی کێشەکە بە 964ـی راگەیاند، ئەو گەڕەکە یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی چوارقوڕنە و لەکاتی خۆیدا راکێشانی تۆڕی ئاو و ئاوەڕۆ بە شێوازی ستانداردی هەندەسی نەکراوە، ئەمەش وایکردووە کە ئاوەکان تێکەڵاو بن شوێنەکە پێوسیتی بە نۆژەنکردنەوە هەیە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیار وایە بەیانی دەرخستەیەک بکەن و پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی راپەڕینی بکەن، بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە لە بنەڕەتەوە، چونکە پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی گشتی هەیە، باسی لەوەش کرد، ئەوان هەوڵدەدەن بەزووترین کات کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام بەگشتی پێویستیان بە هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ دەبێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

سەبارەت بە دەنگۆی توشبوونی دانیشتوانی گەڕەکەکە بە نەخۆشی سکچون و رشانەوە پەیامنێری 964 پەیوەندی کرد بە نەخۆشخانەی گشتی چوارقوڕنەوە و ئەوان رەتیان کردەوە لە ماوەی ئەو دوو رۆژەدا هیچ نەخۆشێک سەردانی نەخۆشخانەکەیانی کردبێت کە تووشی سکچون و رشانەوە بووبێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

جۆگەی سەرەکیی ئاودێریی چوارقوڕنە زیانی پێگەیشتووە

جۆگەی سەرەکیی ئاودێریی چوارقوڕنە زیانی پێگەیشتووە